عەلی نازم: تورکمان و عەرەب دەیانەوێت خەڵکی خۆیان بێننە شاری کەرکووک و دەنگیان پێبدەن

عەلی نازم
عەلی نازم

K24-هەولێر:

عەرەب و تورکمانی کەرکووک لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوە کە بڕیارە لە 18 ی کانوونی یەکەم لە کەرکووک بەڕێوەبچێت، بیانووی عەرەب و تورکمانەکان ئەوەیە، ژمارەیەک ناو لە دوای ساڵی 2003 بۆ تۆماری دەنگدەران لەلایەن کوردەوە زیادکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(3-ی کانوونی یەکەمی 2023)،عەلی نازم کاندیدی ژمارە 27 ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ژووری هەواڵی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، عەرەب و تورکمان هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن لە کەرکووک، ئەاوانیش ڤوەک پارتی دیموکراتی کوردستان یاسا بە سەروەر دەزانن و ئامادەکاری تەواویان کردووە و ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و متمانەیان بە خەڵک و دەنگدەرانی خۆیان هەیە.

ئەو بەربژێرەی پارتی لە کەرکووک پێی وایە، عەرەب و تورکمان دەیانەوێت بەو دواخستنە زۆرترین خەڵکی خۆیان بۆ شارەکە بێنن و بیانهێننە سەر سندوقی دەنگدان ، گوتی: رەنگە ئەوە لە کەمی متمانەی خۆیانەوە هاتبێ لە بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردندا، ئێمە متمانەی تەواومان بە دەنگدەری خۆمان هەیە و ئامادەین بەشداری هەڵبژاردن بکەین.

لەبارەی ناسنامەی شارەکە، بەربژێری ژمارە 27 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەگەر بە مێژوو بێت، کورد خاوەنی کەرکووکە و ئەگەر بە پێی یاساش بێت، پێویستە یاسای ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی دەرکەوێ کێ خەڵکی رەسەنی شارەکەیە.

گوتیشی: وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان ئامادە کردووە بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک و  خەڵکەکەی، ئێستا هەناسەی ئازادی گەڕاوەتەوە شاری کەرکووک و خەڵکی شارەکە هەست بە متمانە دەکات، هەستدەکات ئێستا خەڵکێک هەیە خاوەندارێتی دەکات .

بەربژێرەکەی پارتی لە کەرکووک بەڵێنی بە خەڵکی شاری کەرکووک دا بازرگانی بە دەنگی دەنگدەرانیان نەکەن و پارێزەری دەنگەکانیان بن لەناو پارێزگای کەرکووک.

کارزان حەیدەر