پۆلیسی هەولێر باندێکی گەورەی مامەڵەكردن بە دراوی ساختە دەستگیردەكات

دەستگیرکردنی باندێکی مامەڵەکردن بە دراوی ساختە لەلایەن پۆلیسی هەولێر
دەستگیرکردنی باندێکی مامەڵەکردن بە دراوی ساختە لەلایەن پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر باندێكی مامەڵەكردن بە دراوی ساختە دەستگیردەكات، كە ناسراون بە "شەبەحی دۆلاری ساختەی لیبی". 

بەگوێرەی دانپێدانانەكان، ئەو باندە چەند تاوانێكیان ئەنجامداوە وەک، دزیكردن، فێڵكردن لە خەڵك، رێگریی و مامەڵەكردن بە دراوی ساختەی دۆلاری لیبی، ئاماژە بەوەشكراوە، باندەكە لە بەغداوە هاتوونەتە هەولێر و خەڵكیان هەڵخەڵەتاندووە.

ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 بەدواداچوونی کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو باندە کە لە سێ تۆمەتبار پێکهاتوون و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی باندەکە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر سێ جاری دیکە دەستگیرکراوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو تۆمەتبارانە دوای ئەوەی بانگەشەی گۆڕینەوەی "دۆلاری لیبی" بە نیوەی بەهاکەی بە دۆلاری ئەمەریکی ئاڵوگۆڕدەکەن، بۆیە لە دوو پلانی جیاوازدا بڕی 15 هەزار دۆلاری لیبیی بەرامبەر بە حەوت هەزار و 500 دۆلاری ئەمەریکی و بڕی 30 هەزار دۆلاری لیبی بەرامبەر بە 15 هەزار دۆلاری ئەمەریکی ئاڵوگۆڕ دەکەن، بەڵام لە فێل لەو هاووڵاتییانە دەکەن و لەبری دۆلار، دراوی 250 دیناری لەنێو شەددەی پارەکان دادەنێن.

هەروەها یەکێک لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێشتر تاوانی دزیکردن و بڕینی گیرفانی هاووڵاتییان و رێگریکردنی ئەنجامداوە و لە کامێراکانی چاودێری دیمەنەکان تۆمارکراون، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی هەولێر، لەسەر فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە، هەر کەسێک مافی لای ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکراوانە هەیە، بچێت سكاڵا تۆماربکات بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.