پەیامنێری کوردستان24: لە کەرکووک بۆردومانی حەشدی شەعبی کرا

شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 – کەرکووک:

لە شارۆچکەی دووبزی سەر بە شاری کەرکووک بۆردومانی گرووپێکی چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبی دەکرێت و بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 لە بۆردومانەکە کوژراو و بریندار هەیە.

رۆژی یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا لە شارۆچکەی دووبز کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری کەرکووک، فڕۆکەی نەناسراو بۆردومانی حەشدی شەعبی کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا نازاندرێت ئەو فڕۆکەیەی بۆردومانی ئەو هێزانەی کردووە فڕۆکەی کوێ بووە، بەڵام بزووتنەوەی نوجەبا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانیان لە کەرکووک، پێنج چەکداریان کوژران.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا روونکردنەوە لەبارەی هێرشەکەوە نەدراوە کە لە رێگەی درۆنەوە بووە یان فڕۆکەی جەنگی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، لە ناوچەی رەبیعەوە شەش مووشەک ئاراستەی خاکی سووریا کراوە بە ئامانجی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە.

هاوکات بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەمی 2023) بۆردومانی بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی کردوو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئامانجەکانی خۆی بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێکاوە.

هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە هێرشێکی ئەمەریکا لە کەرکووک بۆ سەر هێزێکی حەشدی شەعبی، بە لایەنی کەمەوە پێنج کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.