حوسیەکانی یەمەن دوو کەشتیی ئیسرائیلی بە ئامانج دەگرن

کەشتی ئیسرائیل
کەشتی ئیسرائیل

K24-هەولێر:

حوسیەکانی یەمەن رایانگەیاند، دوو کەشتیی ئیسرائیلیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دەریایی لە گەرووی( باب المندب) بە ئامانج گرتووە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر کەرتی غەززە.

ئەمرۆ یەکشەممە(3-ی کانوونی یەکەمی 2023)، حوسیەکانی یەمەن رایانگەیاند، دوو کەشتیی ئیسرایلیان لە گەرووی( باب المندب) بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دەریایی بە ئامانج گرتوون، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ئاشکرای کرد، ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە باس لە هێرشەکانی سەر کەشتیی سەربازیی ئەمریکا و کەشتیی بازرگانیی لە دەریای سوور دەکەن.

گوتەبێژی گروپی حوسیەکانی یەمەن دووپاتیکردەوە، هێزە چەکدارەکانیان دوو کەشتیی ئیسرائیلیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دەریایی لە گەرووی( باب المندب) بە ئامانج گرتووە.

لە بەیاننامەیەکی حوسیەکاندا هاتووە، ئەوان هێرشیان کردۆتە سەر دوو کەشتی ئیسرائیلی لە رێڕەوێکی ستراتیژیی کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتیی یەکەم بە مووشەکی دەریایی و کەشتیی دووەمیش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێکاوە.

ئاژانسی ئەشیوتیدپرێس بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کردووە، زانیاریان لەسەر ئەو راپۆرتانە هەبووە لەبارەی هێرشەکانی کراوەتە سەر کەشتیی سەربازیی ئەمریکا و کەشتیی بازرگانی لە دەریای سوور.

پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات، زانیاریان هەبووە لەسەر ئەو راپۆرتانەی پەیوەست بوون بە هێرشەکردنە سەر کەشتیی سەربازیی کارنی و کەشتیی بازرگانیی لە دەریایی سوور، زانیاری زیاتریش بڵاو دەکەنەوە.

کارزان حەیدەر