جاسم عیساوی: بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی دەبێت کورد و شیعە رەزامەندبن

kurdistan24.net

K24- هەولێر

جاسم عیساوی، شارەزای سیاسی رایگەیاند: سوننەکان لە هەوڵی ئەوەدان کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی دیاری بکەن، ئەمە نەریتێکی سیاسییە لە عێراق، بەڵام دەبێ کورد و شیعەکان لەسەر ئەو دیاریکردنی ئەو کەسە رەزامەند بن.

لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، جاسم عیساوی،  گوت: "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق پێویستە هەموولایەک پێیەوە پابەندبن، ناشتوانرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت، ئێستا ئەوە بووە بە بابەتێکی سەرەکی سوننەکان، کە دەبێت جێگرەوەی حەلبووسی دیاری بکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم پڕۆسە بەڕێوەدەچێت و کەسێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی دیاری دەکرێت و دەنگی پێدەدرێت، لەنێو ئەم کەسایەتیانەشدا کە دیاری کراون مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەلال زوباعی، چەند کاندیدێکی دیکەش".

گوتیشی: "سوننەکان تائێستا لەسەر کەسێک رێکنەکەوتوون، بەڵام بڕیارەکە وایە سێ کەس دەنێردرێنە پەرلەمان و لەوێ دەنگیان پێدەدرێت، کێ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لەنێو پارت و لایەنە سیاسییەکانی عەزم، ئەوا ئەو کەسە دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان".

جاسم عیساوی ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت کاندیدی نێو ماڵی سوننە، لەلای چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە پەسەند بکرێت، واتە ئەوان رەزامەندی لەسەر دەرببڕن، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئەگەر هاتوو پێکهاتەکان رازی نەبوون ئەوە نابێتە سەرۆک پەرلەمان، ئەمە بووەتە نەریتێک لەنێو پەرلەمان هەموولایەک دەیزانن، شیعە کاندیدێک دیاری دەکەن بۆ ئەنجومەنی وەزیران، پێویستە ئەو کاندیدە لەلایەن سوننە، کورد، دیاری بکرێت، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش، کوردەکانیش بەهەمان شێوە کاندیدێک بۆ سەرۆککۆمار دیاری دەکەن، دەبێت سوننە و شیعە رازی بن، ئێستا کە دەبێت سوننەکان کاندیدێک هەڵبژێرن بۆخۆیان دەبێت، بەڵام پێویستە شیعەکان و کوردەکان رەزامەندی خۆیان لەسەری دەرببڕن، ئەمە نەریتێکی سیاسی عێراقە".

ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەندامێیەتی حەلبووسی، کاردانەوەی لێکەوتەوە لەلایەن جەمال کەربوولی، لەیس دلێمی هەروەها پەرلەمانتاری پێشوو حەیدەر مولا، سکاڵایەکیان بەرزکردەوە بۆ دادگای فیدراڵی دواتر بەرزکراوە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدوم، بەڵام بڕیارەکە رەتکرایەوە لەلایەن دادگای فیدراڵی، رێگا درا بە بەردەوامی پارتی تەقەدوم کە بەشداربێت لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان، بەڵام ئەم یارییە بەردەوامە دۆسییەکان زۆرن کە ئاماژەی پێدراوە لەلایەن دەستەی دەستپاکی و دەستەی دادوەری عێراقی".