لە رێگای پۆستەر و بڵاوکراوە هاووڵاتییان لە مەترسیی و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان هۆشیار دەکرێنەوە

K24- هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانی لە رێگای بڵاوکراوە و پۆستەر لە دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە.

لە راگەیەنراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەکردووە،  لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر تاک و کۆمەڵگە لە هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانیان لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستپێکردووە.

راشیگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەستافێكی لێهاتوو دەستیکردووە بە دروستكردنی چەندین بڵاوکراوە، لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ، ئەویش بەهەڵواسین و بڵاوکردنەوەو دابەشكردنی پۆستەر و بڵاوکراوە لە زۆربەی دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان باسی لەوەشکردووە، هەوڵەکان تەنها لە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتباران، دەستگیرکردنیان و بە سزاگەیاندنیان ناوەستێت، بەڵکو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە گشتی له مەترسییەکانی ئەم ماددانە یەکێکی دیکە دەبێت لە ئەرکەکان.

.
.
.

ئا: لاڤین عومەر