سەدا 40ـی قوتابیانی ئێران "ناتوانن" بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستبهێنن

سەدا 40ـی قوتابیانی ئێران "ناتوانن" بڕوانامەی کۆتایی ئامادەیی بەدەستبهێنن
سەدا 40ـی قوتابیانی ئێران "ناتوانن" بڕوانامەی کۆتایی ئامادەیی بەدەستبهێنن

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری ئێران دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن ڕووی لە زیادبوونە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، لە هەر 100 قوتابی 40ـیان ناتوانن بڕوانامەی کۆتایی ئامادەیی بەدەست بهێنن.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ناوبەناو لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاودەکرێنەوە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەو وڵاتەدا دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن ڕووی لە زیادبوونە و بەشێک لە پارێزگاکانیش، لەوانە سیستان و بەلووچستان پشکی شێریان بەر کەوتووە.

زۆرینەی قوتابیانی سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران بەهۆی کەمی قوتابخانە، نەبوونی مامۆستا و نەبوونی ئامرازی گواستنەوە، ناچارن ڕێگای دوور بپێون بۆ ئەوەی منداڵانی چەندین گوند لە قوتابخانەی گوندێکدا کۆببنەوە.

نوێنەری شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونی ڕێژەی دەستهەڵگرتنی منداڵانی ئەو پارێزگایە لە خوێندن "گرفتی هاتووچۆی قوتابیانە".

موعینەدین سەعیدی دەڵێت، لە هەر 100 قوتابی 40 کەسیان ناتوانن بڕوانامەی کۆتایی ئامادەیی بەدەست بهێنن و نزیکەی سەدا 10ـی ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری ئێراندا دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن، خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن. ئاشکرایشی کردووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکەدا دەرفەتی خوێندنیان نەبووە، کچن.

پێشتر ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران لە راپۆرتێکیدا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی گشتیی ئەو کەسانەی لە ساڵی خوێندنی 2015-2016، لە سەرتاسەری ئێران دەرفەتی خوێندنیان نەبووە 777 هەزار و 826 کەس بووە، ئەو ژمارەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیادی کردووە بۆ 911 هەزار و 272 کەس. واتا لە ماوەی پێنج ساڵدا سەدا 17ـی منداڵانی ئێران لە خوێندن بێبەش بوون.

هەر لەم دواییانەدا هادی مووسەوی نیک، پسپۆڕی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو، 14 ملیۆن منداڵی ئێرانی لەو بنەماڵانەدا دەژین کە توانای دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی 2100 کیلۆگالەرییان نییە کە وەکوو لانی کەمی خۆراکی پێویست لەلایەن بانکی جیهانییەوە پەسند کراوە.