دوو هاوسەر بۆمبێکیان وەکو جوانکاری لە باخچەکەیان هەڵگرتبوو ئێستا بۆیان دەرکەوتووە راستەقینەیە

وێنەی بۆمبەکە
وێنەی بۆمبەکە

K24 - هەولێر

ژن و مێردێک بۆمبێکی کۆنیان هەڵگرتووە وەک شتێکی جوان لە باخچەکەیان، دەڵێن، بۆمبەکە لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە هەڵوەشێندراوەتەوە و "وەک رۆیشتنی هاوڕێیەکی کۆن وایە."

بەگوێرەی ماڵپەڕی "بی بی سی"، بۆمبەکە لەلایەن ئەو دوو هاوسەرەوە بە ناوەکانی سیان و جۆفری ئێدواردز لە شارۆچکەی میلفۆرد هاڤن لە پێمبرۆکشایەر هەڵگیراوە، کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای وێڵز، پێدەچێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم.

ئەو دوو هاوسەرە پێیانوابوو ئەوە تەنها هەیکەلی بۆمبێکە و هیچ کاریگەرییەکی راستەقینەی نییە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئێدواردز،  باسی لەوە کردووە کە لە کاتی باخداریدا بۆمبەکەی بە خاکەناز دەجووڵاند بۆ ئەوەی خۆڵەکەی ژێرەوەی بۆمبەکە لاببات.

دوای ئەوەی پۆلیسێک لە دەرگای ماڵەکەی دا و پیی راگەیاندن ئەو بۆمبەی وەکو شتێکی جوان لە ماڵەکەیان هەڵیان گرتووە راستەقینەیە، هەروەها ناچاربووە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاگاداربکاتەوە، دواتر ژن و مێردەکە تووشی شۆک بوونە و ئەوشەوە خەویان لێنەکەوتووە تاوەکو رۆژی دواتر تیمی هەڵگرتنەوەی بۆمب گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ لابردنی بۆمبەکە.

ئێدواردز دەڵێت: "ئەو شەوە بەهۆی بیرکردنەوە نەخەوتین"، دەشڵێت: "بە تیمی فڕێدانی بۆمبەکەم گوت، لە ماڵەکە دەرناچین و لەناو ماڵەکەدا دەمێنینەوە. ئەگەر ئێمە بەهۆی ئەو تەقینەوەیە بشفڕین دەرناچین".

تاقیکردنەوەکان ئاشکرایان کرد کە بۆمبەکە بەڕاستی کاردەکات، بەڵام هێزی تەقینەوەکەی سنووردار بووە، هەروەها گواسترایەوە بۆ شوێنێکی جێهێڵراو لە "قەڵای والوین"، کە بە پێنج تۆن خۆڵ داپۆشرابوو، لەوێ تەقێندرایەوە.

ئێدواردز زۆر هەستی بە دڵتەنگی کرد لە جیابوونەوە لەو بۆمبەی کە لەماڵەکەیدا بووە، دەشڵێت، بۆ یەکەمجار کە ئەو بۆمبەی بینیووە لەسەر شەقام، تەمەنی سێ ساڵ بووە، ئێستاش تەمەنی 77 ساڵە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە وەک هاوڕێیەکی کۆن بوو، زۆر بەداخەوەم بە بینینی ئەو هاوڕێ کۆنە کە دەتەقێنرێتەوە".

ئێدواردز ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن بنەماڵەی مۆریسەوە لە مێژووی بۆمبەکە ئاگادارکراوەتەوە، کە خزمێکیان خاوەنی ئەو خانووە بووە کە تێیدا دەژی، گوتوییانە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر ئەم شاکارە (یان بۆمبە)یان دۆزیوەتەوە.

باسی لەوەشکرد، "کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی شاهانە لە کەنداوی سانت براید لەنگەریان دەگرت و دەمانچەکانیان ئاراستەی هاڤن دەکرد و تەقەیان دەکرد".

بە تێپەڕبوونی کات بۆمبەکە بە کۆنکرێت دەورە دراوە و بۆیاخێکی سووری بۆ کراوە تا لەگەڵ رووپۆشی پەنجەرەکەدا بگونجێت، پێش ئەوەی ئێدواردز و هاوسەرەکەی لە ساڵی 1982 خانووەکە بکڕن.