یەکێتی ئەوروپا: رێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی بودجەی هاوبەش بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئەستەم بووە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی نووسیویەتی، مەترسی هەیە کیێڤ ئەو 50 ملیار یۆرۆیە وەرنەگرێت کە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی دابوو بەهۆی قەیرانی بودجە لە ئەڵمانیا و بەهێزبوونی پێگەی پارتە ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا.

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری بەرپرسانەوە بڵاوی کردەوە بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرابکات کە دەڵێن: "وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دوورن لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی بودجەی هاوبەش، کە 50 ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا تێدایە.

سەرچاوەیەکی باڵا بە رۆژنامەکەی گوت: هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سازان لەم بوارەدا بەهۆی سەرکەوتنی پارتی راستڕەوی توندڕەو لە هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا و بڕیاری دادگای ئەڵمانیا بۆ سنووردارکردنی بودجەی حکومەتی ئەڵمانیا، ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت، پێشبینیش دەکرێت پێش کۆبوونەوەی لوتکەی برۆکسل دوا بڕیاری هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بدرێت.

بەرپرسێکی ئەوروپی کە بەشداری لەدانوستانەکانی یەکێتی ئەوروپا کردووە، گوتی، ئەو ناروونیەی دەربارەی ئەو بابەتە هەیە زیادەڕەوی تێدا کراوە.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە بەشێکی خاکی ئۆکرانیای داگیرکرد و هەروەها بە دەیان هەزار کەس کوژراون، لەبەرامبەر هاوسەنگی شەڕ و بەرپەرچدانەوە، ئەمەریکا و ئەوروپا زۆرترین پاکێجی هاوکارییان بۆ ئۆکرانیا تەرخان کردووە.