لە کوێستانی پڕژەی باڵەکایەتی دوو گەشتیار و شوفێرێک گیانیان لەدەستدا

سێ گەشتیاری دیکەش بریندارن

K24 – چۆمان

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە کوێستانی پڕژەی دەڤەری باڵەکایەتی دوو گەشتیار و شوفێرێک گیانیان لەدەستدا و سێ گەشتیاری دیکەش بریندارن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ژمارەیەک گەشتیار لەگەڵ شوفێرێکی خەڵکی چۆمان بۆ گەشت چوونەتە کوێستانی پڕژەی باڵەکایەتی، لەوێ ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێت، لە ئەنجامدا دوو گەشتیاری بە رەگەز عەرەب و شوفێرەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ گەشتیاریش بریندارن.

محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان، بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی تەرمی مردووەکان و بریندارەکان بگوزانەوە نەخۆشخانە".

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو شوفێرەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەرکەوت فەریدە و خەڵکی گوندی دەربەندی سەر بە قەزای چۆمانە، دوو گەشتیارەکەی دیکەش کە مردوون ئافرەتن.

هەروەها د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە کوردستان24ی راگەیاند، دوو لە بریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە.

روونیکردەوە، گەشتیارەکان خەڵکی شاری بەغدان، بە مەبەستی گەشت سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی سەختی رێگاکە و خلیسکان بووە لەسەر بەفر، چونکە پلەی گەرما لەوێ شەوانە لەژێر سفرە و لە زۆربەی شوێن دەیبەستێت.

کوێستانی پڕژە لە دەڤەری باڵەکایەتی، یەکێکە لەو کوێستانانەی چوار وەرزی ساڵ بەفری لێدەمێنیت و ناتوێتەوە، کەشێکی ساردی ھەیە،  بۆیە گەشتیاران لە هەرچوار وەرزی ساڵ رووی تێدەکەن.