منداڵێکی کورد خەڵاتی یەکەمی پاڵەوانێتیی جودۆی لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا

ئالان عومەر فەواز ناسراو بە "ئالان کۆبانێ"
ئالان عومەر فەواز ناسراو بە "ئالان کۆبانێ"

K24 - هەولێر

منداڵێکی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان خەڵاتی یەکەمی پاڵەوانێتیی جودۆی لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا.

رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، ئالان عومەر فەواز ناسراو بە "ئالان کۆبانێ" تەمەن 11 ساڵ، خەڵاتی یەکەمی پاڵەوانێتیی جودۆی پارێزگای باکووری راینی وڵاتی ئەڵمانیا بەدەستهێنا.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، عومەر فەواز، باوکی ئالان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کوڕەکەی چەندین مانگ بوو ئامادەکاریی بۆ یاریەکە دەکرد، توانی لە هەموو ڕکابەرەکانی بباتەوە و پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.

جودۆ یارییەکی ئۆڵۆمپییە و جۆرێک لە هونەری جەنگی ژاپۆنی؛ لەلایەن جیگۆرۆ کانۆوە لە ساڵی 1882 داهێندراوە. یاریزانان لە هەموو پارێزگاکانی ئەڵمانیاوە بەشدارییان لەو پاڵەوانێتییەکەدا کردبوو. 

باوکەکەی دەڵێت، ئالان جاری یەکەم نییە خەڵاتی یەکەمی پاڵەوانێتیی جودۆ بەدەستدەهێنێت؛ وەکو خۆی دەڵێت، ماوەی چوار ساڵە کوڕەکەی دەستی بە یاریەکە کردووە و ساڵی 2020، ئەو کاتی تەمەنی تەنها هەشت ساڵ بوو، پلەی سێیەمی یارییەکەی لەسەر ئاستی ئۆکرانیا بەدەستهێناوە.

 

ئالان کاتێک تەمەنی هەشت ساڵ بوو پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەی لەسەر ئاستی ئۆکرانیا بەدەستهێنا
ئالان کاتێک تەمەنی هەشت ساڵ بوو پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەی لەسەر ئاستی ئۆکرانیا بەدەستهێنا

 

ئالان کۆبانێ، وەکو ئەوەی باوکی باسی کرد، "رۆژانە راهێنان لەسەر یاریەکە دەکات بۆ ئەوەی پەرە بە توانەکانی خۆی بدات، چونکە دەیەوێت بەشداریی لە هەر پاڵەوانێتییەک بکات کە لە داهاتوودا لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە".

عومەر فەواز دەڵێت، "خۆمان دانیشتووی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بووین. ساڵی 2011 لە دوای جەنگی ناوخۆیی سووریا چووینە ئۆکرانیا. ئالان لەوێ لەدایک بوو، چەند ساڵێکە هاتووینەتە ئەڵمانیا و پەنابەرین. کوڕەکەم کۆبانێی نەبینیوە، هیوادارم رۆژێک بێت و بگەڕێینەوە رۆژئاوای کوردستان".

ئالان لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
ئالان لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
خەڵاتی ئالان کە لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
خەڵاتی ئالان کە لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا