ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه له 16 هه‌زار كه‌س نزیكبووه‌ته‌وه
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه له فه‌ڵه‌ستین نوێترین ئاماری كوژراوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ی له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیلی بڵاوكرده‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه له فه‌ڵه‌ستین رایگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ گه‌یشته 15899 كه‌س.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی زرێپۆشی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، ئیسرائیل له پێكانی ئامانجه سه‌ربازییه‌كانی له غه‌ززه نزیكبووه‌ته‌وه، له ئێستادا له ناوچه‌كانی دیكه‌ی غه‌ززه بۆ به‌ئامانجگرتنی زیاتری چه‌كدارانی حه‌ماس كارده‌كات.
ئه‌و فه‌رمانده ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، له ئێستادا له ناوچه‌كانی دیكه غه‌ززه كار بۆ فراوانكردنی پرسه چه‌كدارییه‌كان ده‌كه‌ین، كه ئامانج تێیدا له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه.
جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو هه‌ڵگیرسا، بووه هۆی كوژرانی 1400 ئیسرائیلی و 15899 فه‌ڵه‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، كه زۆربه‌ی كوژراوه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ژن و منداڵن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئیسرائیل به‌ڵێنی داوه بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناو ببات.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل له یه‌كه‌م كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی دوای كۆتاییهاتنی ئاگربه‌ستی حه‌وت رۆژه‌ی مرۆیی غه‌ززه رایگه‌یاندبوو، ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکان بەردەوامی پێدەدەین، چونکە بەبێ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ناتوانین ئامانجەکانی شەڕ بەدیبهێنین.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، سه‌ربازانمان له‌ماوه‌ی ئاگربه‌ستدا ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر حه‌ماسدا كردووه.
گوتبوشی: "ئامانج له به‌رده‌وامی شه‌ڕی غه‌ززه بریتیه له كۆتاییهێنان به حه‌ماس و ئازادكردنی ته‌واوی بارمته ئیسرائیلییه‌كان".