فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا: حوسیەکان چوار هێرشیان کردە سەر کەشتیە بازرگانییەکانی باشووری دەریای سوور

کەشتی جەنگیی کارنی
کەشتی جەنگیی کارنی

K24-هەولێر:

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ چوار هێرش کراوەتە سەر سێ کەشتیە بازرگانیەکەی باشووری دەریای سوور.

ئەمڕۆ دووشەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، چوار جار هێرشکراوەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانیی باشووری دەریای سوور کە 14 وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کەشتی جەنگیی(ئارلی بیرک یو ئێس ئێس کارنی) وەڵامی داوای ئەو سێ کەشتیەی باشووری دەریای سووری داوەتەوە بۆ هاوکاری.

بەپێی راگەیاندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، کەشتی جەنگیی کارنی هەستی بەو هێرشە مووشەکیە بالیستیە کردووە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکانی یەمەنەوە بۆ کەشتیی( ئێم ڤی یۆنتی ئێکسپلۆرەر) هاوێشتراوە و لە ناوچەیەکی نزیکی کەشتیەکە کەوتۆتە خوارەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر، کەشتیەکی بارهەڵگرە و ئاڵای(جزر ئەلبهاما)ی بەرزکردۆتەوە کە بەریتانیا خاوەندارێتی دەکات و دەریاوانانی دوو وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی لە دەریای سووردا لە ئەرکدا بووە کاتێک هێرشکراوەتە سەر کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر.

هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، نزیکەی کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ، کەشتیی کارنی کە لەنێو ئاوی نێودەوڵەتی بووە، هەستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ناوچەکانی حوسیەکانی سەر بە یەمەنەوە هەڵدراون، بەڵام توانیویانە فڕۆکەکە بخەنە خوارەوە، هەر بە پێی زانیاریەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حوسیەکان بەرەو کەشتیی کارنی نێردراوە لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەکە هیچ ئامانجێکی دیار نەبووە، بۆیە هیچ زیانێک بەر کەشتیەکە و تیمی دەریاوانی کەشتیەکە نەکەوتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، کاتژمێر 12:35 خولەکی نیوەڕۆ، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر بە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەلایەن حوسیەکانەوە لێیدراوە، بەڵام کەشتیی کارنی وەڵامی داوای بە هاناوەچوونی کەشتیەکەی وەرگرتووە و هەر لەو کاتەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە.

کاتژمێر3:30 ی پاش نیوەڕۆ، کەشتیی(ئێم ڤی سۆڤی9)، بە مووشەک هێرشی کرایە سەر و، کاتژمێر 4:30 ی پاش نیوەڕۆش، کەشتیی ( ئێم ڤی سۆڤی 2) داوای هاواکاریکرد پاش ئەوەی بە مووشەکێک هێرشی کراوەتە سەر کە تیمی دەریاوانی هەشت وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی وەڵامی خێرای داوای هاوکاریەکانی دایەوە و فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کە بەرەو کەشتیەکە دەهات، خستە خوارەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەو هێرشانە مەترسین لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریاوانی، تیمە دەریاوانییەکانی نوێنەرایەتی وڵاتانی جودا جودای جیهان دەکەن، ژیانیان دەکەوێتە مەترسی، دەزانین ئەو هێرشانەی  حوسیەکان ئەنجامی دەدەن، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی وەڵامی گونجاویان دەدەنەوە.

کارزان حەیدەر