بانکی خانە شێرپەنجەییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین کارا کرا

توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان
توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان

K24-هەولێر:

توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان، بانکی خانەکانی شێرپەنجەیان دامەزراند کە لە چەند ناوەندێکی توێژینەوەی پەیمانگای شاهانەی پزیشکی سویدی کارۆلینیسکا هێنراوەتە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، زانکۆی سەڵاحەدین لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، تیمێک لە توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان بانکی خانەکانی شێرپەنجەیان دامەزراند لە چەند ناوەندێکی توێژینەوەی پەیمانگای شاهانەی پزیشکی سویدی کارۆلینیسکا هێندراوەتە کوردستان و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدینیش پشتیوانی لە هەوڵی توێژەران و دامەزراندنی بانکەکە دەکات.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە، فەرهەنگ عەلی عەوڵا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و، پێشڕەو ساڵح ئەحمەد لە زانکۆی سەڵاحەدین و، دلشاد حوسێن حەسەن لە زانکۆی سۆران بۆ شێرپەنجە و چاندنی خانەکان، هاوکات ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی کۆکردەوە .

بە پێی زانیارییەکان، توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان بە رێنوێنی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کارزان شێخ موحسین بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پرۆفیسۆر دکتۆر عەباس بورهان، لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، توانیان خانەکان چالاک بکەنەوە بە بەکارهێنانی میتۆدی نوێ و سەردەمیانە.

تاقیگەی چاندنی خانەکان لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، یەکێکە لە تاقیگە چالاک و گرنگەکانی زانستی کوردستان.

کارزان حەیدەر