نەهرۆ رواندزی: وەک قۆناغی یەکەم سێ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت؛ داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە نرخی هەر لیترێک نەوت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێتە 150 دینار. گوتیشی: کێشەی دابەشکردنی بەنزین لە دوو رۆ‌ژی داهاتوو چارەسەر دەکرێت.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند؛ ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لەنێو لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لە مانگی نۆی ئەمساڵ نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، کە گووتمان ئێمە بەرەو زستان دەڕۆین و دەبێت بڕی دیاریکراوی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، من لە مانگی 10 نووسراوێکم ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی نرخی نەوتی سپی کرد، بە سوپاسەوە ئەویش ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی کرد، لە دوایین کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوتی عێراقیش باس لەوە کرا کە بە شێوەیەکی کاتی نرخی یەک لیتر نەوت 250 دیناری عێراقی بێت کە هەناردە دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، نرخەکە لە 500 دینارەوە بووەتە 250 دینار.

ئاماژەی بەوەدا، "من رەخنەم گرت و نووسراوم ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد گوتم بە گوێرەی ماددەی 14 و 15 لە دەستووری عێراق دەبێت هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە ماف یەکسان بن، بۆ دەبێت بۆ هاووڵاتییانی خۆتان بە نرخی 150 دینار دابەشی بکەن، بەڵام بۆ بۆ هاووڵاتیانی ئێمە دەبێت بە نرخی 250 بێت، ماددەی 111ـش باس لەوە دەکات کە نەوت و غاز موڵکی هەموو هاووڵاتییانی عێراقن، هەروەها ماددەی 112 دەستووریش دەڵێت: دەبێت داهاتی نەوت و غاز دابەش بکرێت بەسەر هاووڵاتییان بە شێوەیەکی دادپەروەری. بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی وەزیری نەوتی عێراق کردووە".

ناردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، بڕیاردراوە نرخی نەوتی سپی بۆ هەر لیترێک لە 500 دینارەوە کەمبکرێتەوە بۆ 250 دینار و ئەو نرخەش جێگیرکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتیمان دەربریوە کە ببێتە 150 دینار، ئەگەڕ نەشکرێت لە رێگای دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، بە شێوەیەکی گشتی داوای سێ ملیۆن لیترمان لە بەغدا کردووە کە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت وەک قۆناغی یەکەم، ئەگەر بەیانی بڕیاری لەسەر بدرێت هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوتیشی: وەک قۆناغی یەکەم سێ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

راگرتنی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان

نەهرۆ رواندزی، گوتی: کێشەی بەنزینی 750 دیناری کێشەیەکی کاتییە لە دوو رۆژی داهاتوو چارەسەر دەکرێت، ئەم هەفتەیە تێناپەڕێت بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکە.

گوتیشی: لە نووسراوەکە کە ئارسەتەی حکومەتی عێراقیمان کردووە گوتومانە حکومەتی عێراق دەبێت گاز و بەنزینیش دابین بکات بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها نابێت لە هەرێمی کوردستان نرخێک بێت و لە شارەکانی دیکەی عێراق نرخێکی دیکە بێت، کە  لەلای خۆیان نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک بە 450 دینارە، کێشەی بەنزین رەبتە بە بابەتی مووچەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، بە شێوەیەکی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراقی داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، کە داتای ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی بڕی بەنزین دیاریبکەن و بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

نەهرۆ رواندزی، دەڵێت: وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی ئێجگار زۆری پێکەوتووە، ئەگە بهاتبا هەرێم نەوتی خۆی هەناردە بکردبا پێویستی بەوە نەبوو پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، سەرەڕای ئەوەش هێشتا داهات لە هەرێمی کوردستان دەچووەوە سەر خەزێنەی حکومەتی عێراق.

رواندزی ئاماژەی بەوەشدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزیری نەوتی تورکیا بەبەردەوام لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هێلن بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام راگرتنی هەناردەکردنی نەوت کێشەیکی سیاسییە و هیچ کێشەیەکی لۆجیستی نییە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت: هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتەکەی هەناردە بکرێتەوە و هیچ کێشەی نییە، بەڵام کێشەکە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا هەیە لەسەر بڕی قەرەبووکردنەوەکەی عێراق لەلایەن تورکیاوە.