هەولێر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات

کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر
کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر

K24-هەولێر:

پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و (19) بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارە و پەناهەندەی کەمپەکان و دەنگدانی تایبەت ئامادە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بۆ داڕشتنی پلان و ئامادەکاریی تایبەت بە بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی(موسڵ-کەرکووک) و دانانی(19) بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارە و پەناهەندەی کەمپەکان و دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونی ئەندامانی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بەرێوەچوو.

بەپێی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی پێویستیەکان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی(کەرکووک-موسڵ) کراوە، بەشێوەیەک لە سنووری پارێزگای هەولێر(7) بنکە لەنێو کەمپەکان بۆ دەنگدانی ئاوارەکان و (12) بنکەش بۆ دەنگدانی تایبەت دیاریکراوە.

پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەباشی هێزەکانی ناوخۆ و تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانیی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی نیشانداوە بۆ رۆژی دەنگدان.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە.

کارزان حەیدەر