موسەننا ئەمین: بەهۆی خەرجی راستەقینە ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیان راگەیاندووە دەبێت دڵنیایی بدرێت بۆ ئەوەی ساڵی ئایندە لەگەڵ هەمواری بودجە خەڵکی کوردستان دووچاری قەیران نەبنەوە، هاوکات گوتیشی: سوودانی بەڵێنی چارەسەرێکی ریشەیی داوە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، داوایان لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە کە دڵنیایی بدرێت خەڵکی هەرێمی کوردستان توشی قەیرانی دارایی نەبنەوە، هەروەها سوودانی دڵنیاییدا کە دەستکاریکردن لە یاسای بودجە لە ئێستادا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بڕیاروایە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ کێشەی بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2024.

موسەننا ئەمین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەهۆی خەرجی راستەقینە لە بودجە ئەو بەشە پارەیەی بۆ هەرێم دێت بەشی هیچ شتێک ناکات و ناتوانرێت مووچە دابەشبکرێت.

پێشتریش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، یاسای بودجە کۆمەڵێک خاڵ و بڕگەی تێدایە کە دژی هەرێمی کوردستانە و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بەو شێوەیە پەسەند بکرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە گوتی: "دەمانەوێت پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و لە کۆی داهاتی عێراق خەرجبکرێت".

رۆژی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ چارەسەرە درێژخایەنەکەی کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسانی ناو حکومەتی عێراق پێشنیازی کردبوو، لیژنەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێنراوە کە بەپەلە یاسیای بودجە هەموار بکەنەوە، چونکە ئەو بابەتەی کە پێی دەڵێن خەرجی راستەقینە زیانێکی زۆری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.