کاندیدێکی پارتی: دەمانەوێت ئیدارەیەک بۆ کەرکووک بهێنینە کایەوە کە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات

kurdistan24.net

K24- هەولێر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەگەر کورد زۆرینە بەدەست بهێنێت دەتوانێت ئیدارەی شاری کەرکووک بگۆڕێت و ئیدارەیەکی رێکوپێک بهێنێتە کایەوە، کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان بکات.

ئەندازیار عەدنان کاکەیی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24 گوتی: "دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کورد لە کەرکووک زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بە شەرعی و یاسایی بکات، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی شاری کەرکووک دەکەم رۆژی 18/12/2023 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد لە شارەکە".

گوتیشی: "ئەو داوایەی عەرەب و تورکمان بۆ دادگای فیدراڵی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، داوایەکی ناڕەوایە ترسیان لە کورد هەیە کە ئەو هەڵبژاردنە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئەگەر دادگایەکی دادپەروەر هەبووایە دەبوو، لێپێچینەوەی لەوانە بکات کە ئیداری شارەکەیان گۆڕیوە و دەستکاری فۆڕمی هەڵبژاردنیان کردووە، لە ئۆکتۆبەری2017وە کورد هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، چەندین پۆستی گرنگی لەدەستداوە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان هەر ئاڵوگۆڕییەکان کردووە".

ئەو کاندیدەی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێت: "ئەگەر کورد زۆرینە بەدەست بێنن لە ئەنجومەنی پارێزگا، ئەوکاتە دەتوانین ئەو پارێزگارە سەپێنراوە بەسەر کەرکووکدا لایبەرین، بەپێی یاسا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە یەکبگرین و ئیدارەیەکی رێکوپێک بهێنینە کایەوە، کە خزمەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان بکات".

راشیگەیاند: "ئەگەر ئیدارەکە لە دەستی کوردا بێت دەتوانین بڕیارەکە هەڵوەشێنینەوە، هەموو ئەوانە دژی نەتەوەی کورد و تورکمانە، ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافیایەی کراوە، هەوڵدەدەین هەڵی بوەشێنینەوە و بیگۆڕین".