سەرۆکی پێشووی وڵاتێک بەتۆمەتی گەندەڵی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

مۆریتانیا
مۆریتانیا

K24 - هەولێر

دادگایەکی شاری نواکشۆت، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر محەممەد وەلەد عەبدولعەزیز، سەرۆکی پێشووی مۆریتانیادا سەپاند، سزاکەش بەتۆمەتی بەکارهێنانی پێگەکەی بووە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بە نایاسایی.

رۆژی دووشەممە، 4-12-2023، دادگایەکی نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا، بەتۆمەتی بەکارهێنانی پێگەکەی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بە نایاسایی سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سەرۆکە تەمەن 66 ساڵە، لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2019 فەرمانڕەوایی مۆریتانیای کردووە.

لە مانگی یەنایەری 2023، دادگاییکردنی محەمەد وەلەد عەبدولعەزیز و 10 کەسی دیکە دەستیپێکرد، کە دوو سەرۆک وەزیرانی پێشوو و چەند وەزیرێکی پێشوو و بازرگانانی تێدابووە، دادگاییکردنەکەش بە تۆمەتی خۆ دەوڵەمەندکردنی نایاسایی، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان و سپیکردنەوەی پارەوە بووە.

دوێنێ دووشەممە دادگاکەی نواکشۆت بە تۆمەتی دەوڵەمەندکربوونی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە سزای بەسەر سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیدا سەپاند، بەڵام لە تۆمەتەکانی دیکە، کە ئاراستەی کرابوو بێتاوان دەرچوو.

هەروەها دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر ئەو سەروەت و سامانەدا بگیرێت کە بە شێوەیەکی نایاسایی بەدەستی هێناوە. لەوکاتەشدا سزادراوەکە هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بەو بڕیارە نەبووە.

سەرۆکی پێشووی مۆریتانیا لە 24-1-2023 دەستبەسەرکراوە، هەروەها لە ساڵی 2021 چەند مانگێک زیندانی کراوە. لە دۆسیەکەدا دادگا هەردوو سەرۆک وەزیرانەکەی پێشووی بێتاوان دەرچوون.

وەلەد عەبدول عەزیز، کە کوڕی بازرگانێک بووە، سامانێکی گەورەی کۆکردووەتەوە کە بە نزیکەی 67 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.

محەممەد وەلەد عەبدولعەزیز، سەرۆکی پێشووی مۆریتانیا
محەممەد وەلەد عەبدولعەزیز، سەرۆکی پێشووی مۆریتانیا