بانکی ناوەندیی عێراق دەیان ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوردە تەرخان دەکات

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی حکومی رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق وەک قۆناغی یەکەم دەیان ملیۆن یۆرۆی بۆ هاوردەکردن لە تورکیا تەرخانکردووە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی بانکی لە گەڵ تورکیا کردووە، کە هەفتەی رابردوو رێککەوتن. بۆ ئەمەش لە بانکی ناوەندی لە رۆژی یەکشەممەوە دەیان ملیۆن یۆرۆی وەک قۆناغی یەکەم ئامادەکردووە تاوەکو کەرەستەی لە تورکیاوە پێ هاوردە بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لەو هەنگاوە دابینکردنی سەرمایەی پێویستە بۆ هاوردەکردنی کەرەستە و کاڵا لە تورکیا، کە بازرگانان بە دیناری عێراقی پارەکانیان دەدەن و بانکی ناوەندی عێراقیش یۆرۆ بۆ ئاڵوگۆڕی لیرەی تورکی دابین دەکات، تاوەکو لەگەڵ بازرگانە تورکەکان بازرگانییە رێکبخرێت.