دیندار زێباری: کابینەی نۆیەم بەردەوام پشتیوانی لە مافی ئافرەتان کردووە

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدات، کابینەی نۆیەم بەردەوام پشتیوانی لە مافی ئافرەتان کردووە و بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی جیددیی ناوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023، لەژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری؛ کۆنفرانسێک لەژێر ناوونیشانی "لە هۆشیارییەوە بۆ پاڵپشتی: برەودان بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری لە هەرێمی كوردستان" لە هەولێر سازکرا.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دەمانەوێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەرووی نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری؛ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان پێشەنگ بین و، بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی یاسایی و جیددیمان گرتووەتەبەر".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی زێباری باسی کرد، "هەنگاوی جیددی بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە مافەکانی ئافرەتان ناوە. لەم چوارچێوەیەدا، 47 راسپاردەی نێودەوڵەتیمان ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن".

بە گوتەی دیندار زێباری، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی مافەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان دەکات" و دەڵێت، "دەبێت ژینگەیەکی بەهێز بونیادبنێین بۆ ئەوەی تێیدا جیاکاری نەکرێت و یەکسانی و دادپەروەری جێگەی بگرێتەوە".

کخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمساڵ بە هاکاری لەگەڵ یۆنامی رێکارمان گرتووەتەبەر بۆ پێشخستنی پاراستن و بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان لە هەموو سێکتەرێکدا. دەبێت لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ هەماهەنگیی زیاترمان هەبێت بۆ ئەوەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێکارەکان بکرێت".