توێژەرێکی فەرەنسی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق سیاسین و لە بەرژەوەندی وڵاتێکی دراوسێدان

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

سێلین ئۆیسال، دیپلۆماتکار و ئەندامی پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسیەتی رۆژهەڵاتی نزیک (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، لە راپۆرتێکی شیکاریدا کە لە پێگەی پەیمانگاکەدا بڵاوکراتەوە، باس لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق دەکات، کە بە "سیاسی کراون و لە بەرژەوەندی وڵاتێکی دراوسێی عێراقدا دەردەکرێن".

لە راپۆرتەکە شیکارییەکەدا ئۆیساڵ، دادگاکە وەک "دامەزراوەیەکی جێگەی مشتومڕ" ناوزەد دەکات بەهۆی ئەوەی کە بەپێی دەستوور پێکنەهێنراوە و تائێستاش کار لەسەر یاسایەکی تایبەت دەکات، کە لە سالی 2005 دەرکراوە بۆ دامەزراندنی دادگاکە.

ئەو توێژەرە دەڵێت "دەستووریی بوونی دادگای فیدراڵی عێراق جێگەی مشتومڕی یاساییە" بەو پێیەی کە تا ئێستا یاسایەک دەرنەکراوە بۆ رێکخستن و دیاریکردنی کار و فەرمانەکانی دادگاکە، هەروەک لە ماددەی 92ی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 ئاماژەی پێدراوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا دادگای فیدراڵی وەک "سیمبوڵی تائیفەگەری" لە عێراقدا وێنا دەکرێت، ئەو توێژەرە دەنووسێت، بەو پێیەی کە دیارکردنی دادوەرانی دادگاکە لەسەر بنەمای "راگرتنی باڵانسی" تایفەکان دەوەستێت.

هەروەها ئەو توێژەرە باس لەوەدەکات کە "دادگای فیدراڵی دەستوەردانی کردووە لە کێشە سیاسییەکاندا بە تایبەت لە دوای رووداوەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت".

ئاماژەی بەوەشداوە، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، کە سەرپەرشتی زۆرینەی دامەزراوە دادوەرییەکانی وڵاتەکە دەکات، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دادگاکە هەیە، کە خۆی لە خۆیدا پێویستە "سەربەخۆ" بێت و نەچێتە ژێر کاریگەری بڕیارەکانی هیچ کەس و لایەنێک.

دیپلۆماتە فەرەنسییەکە، نووسیویەتی "لە رێگەی هەموارکردنەوە و دەرکردنی هەندێک یاساوە، فایەق زێدان کاریکردووە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری گەورە لەلایەنی دادوەرییەوە ،بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی. لە رێگەی دامەزراندنی کۆمیسۆنی رێکخستنی پیشەیی کە بەرپرسە لە بەرزکردنەوە  و دامەزراندنی و دوورخستنەوەی دادوەران، فایەق زێدان توانیویەتی بەشێوەیەکی رەها کۆنترۆڵی دامەزراندن و دەرکردنی دادوەرانی وڵاتەکە بکات".

سێلین ئۆیسال، باسی لەوەشکردووە "فایەق زێدان لە هەمان بەرەی ئەو هێزانەدایە کە سەر بە گرووپی ئێرانن و بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان کاردەکەن".

لەو راپۆرتە شیکارییەدا بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان محەممەد حەلبووسی و بە نادەستووری لە قەڵەمدانی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان وەک دوو بڕیار ئاماژەیان پێدراوە، کە دادگای فیدراڵی عێراق دەریکردون و "کاریگەریان هەبوووە لە سزادانی نەیارانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان".

هەروەها ئەو دیپلۆماتە دەڵێت "بەدەر لە وەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە چەندین بابەتەدا لە بەرژەوەندی وڵاتێكی هەرێمیی و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە بوون، بڕیارەکان هەروها کاریگەرییان هەبووە، بۆ بەهێزکردنی ناوەندی بوونی بەغدا لەسەر بەرژەوندی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.