عیرفان کەرکووکی: خواستمان ئەوەیە پارێزگارێک دابنێین کە بەرنامەی لیستەکەی پارتی جێبەجێ بکات

K24 – هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان رایگەیاند، باوەرمان وایە ئەمجارەش لەهەڵبژاردنەکان سەرکەوتووبین، بەتایبەت کە ئێمەش لەناو لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان داین، دەشڵێت: ئەو سکاڵایانەی کە لەلایەن هەندێک لە عەرەبەکان و هەندێک لایەنی تورکمانی ئاراستەی دادگا کراوە، بۆرێگریکردن لەهەڵبژاردن لەترسانە، چونکە کورد زۆرینەیە.

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، بەکوردستان24ـی راگەیاند، ئەو سکاڵایانەی کە لەلایەن هەندێک لە عەرەبەکان و هەندێک لایەنی تورکمانی ئاراستەی دادگا کراوە، هیچ دادپەروەری تێدا نیە، چونکە میللەتی کورد، عەرەب و تورکمان مافیان هەیە بچنە سەر سندوقی دەنگدان.

گوتیشی: لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی 2003 ئەو کورد و تورکمانانەی(تەرحیل) دەرکرابوون هاتوونەتەوە شارەکە، چونکە ناسنامەی فەرمیان کەرکووکە و مافی خۆیتیان بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کورد و تورکمان مێژوو و خاکمان یەکە، بۆیە هەندێک عەرەبی شۆڤینی دەیانەوێت نێوانمان تێکبدەن و دەیانەوێت بە پاساوی ئەوەی کورد زۆرینەیە لەو شارە، رێگری لە هەڵبژاردن بکەن، ئەمەش لەترسانە.

دەشڵێت: بەداخەوە دەبوایە ئێمەش وەکو پارتی گەلی تورکمان کە بارەگاکانمان لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن (عەسایب ئەهلوحەق و نوجەبا) دەستی بەسەردا گیراوە، بۆمان بگەرێندرابوایەوە، چونکە بەڵێن درابوو لەگەڵ گەڕانەوەی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی ئێمەش بدرێتەوە، بەڵام تائێستا نەدراوەتەوە و هۆکارەکەشی نازانین.

باسی لەوەشکرد، باوەرمان وایە ئەمجارەش لەهەڵبژاردنەکان سەرکەوتووبین، بەتایبەت کە ئێمەش لەناو لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان داین، هەروەها خواستمان ئەوەیە پارێزگارێک دابنێین کە بەرنامەی لیستەکە جێبەجێ بکات، ئەو تەعریب و دەرکردنەی لەماوەی شەش ساڵی رابردوو کەکرایە نەمێنێت.