هێزەکانی ئوردن سێ کەسیان کوشت کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریان پێبووە

ماددە هۆشبەرەکانی کوژراوەکان
ماددە هۆشبەرەکانی کوژراوەکان

K24 - هەولێر

هێزە چەکدارەکانی ئوردن، کوشتنی سێ کەسیان پشتراستکردەوە کە هەوڵی دزەکردنیان داوە بەشێوەیەکی نایاسایی، کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریان پێبووە و لەسووریاوە هاتبوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی بەرپرسیار لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان و خزمەتگوزارییە ئەمنییە سەربازییەکان، لە رێگەی چاودێری پێشوەختەوە چاودێری هەوڵێکیان کردووە، کە لەلایەن کۆمەڵێک قاچاخچییەوە کە هەوڵیانداوە بۆ پەڕینەوە لەسنوورەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سووریاوە بۆ خاکی ئوردن، دواتر راستەوخۆ تەقەیان لەو سێکەسە کردووە کوشتیانن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 233 هەزار حەبی کاپتاگۆن و 528 پاکەت حەشیش دۆزراونەتەوە، هەروەها ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراونەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئوردن تووشی ئاڵۆزی زیاتر بووەتەوە لەگەڵ سووریا و عێراق، بەتایبەت دوای ئەوەی هەواڵی هەبوونی کەمپ بیسترا بۆ کوتلە و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بە بیانووی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، ئوردن پشتڕاستی کردەوە کە هێزێکی زۆری ناردووە بۆ سنوورەکان.