عەلی ساحب: ئیسرائیل دەیەوێت غەززە بێ مرۆڤ بمێنێتەوە

عەلی ساحب
عەلی ساحب

k24-هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل گوێ بە هەوڵی هیچ لایەک نادات بۆ ئاگر بەست و دەیەوێت غەززەیەکی خاڵی لە مرۆڤ بهێڵێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە(5-ی کانوونی یەکەمی 2023)،عەلی ساحب شرۆڤەکاری سیاسیی لە بەغداوە بە کوردستان24 ی راگەیاند، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خراونەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئاگر بەست لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت، یاخود ئاگربەستێکی مرۆیی کورت خایەن دروستبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ کێشەکان بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەو هەوڵانە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە رەت دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو ئەرکە مرۆییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە رەت دەکرێنەوە کە لایەنەکان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەیگرنە بەر، ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە گوتی، ئیسرائیل دەیەوێت خەڵکی غەززە بە تەواوی لەناو ببات کە ژمارەیان زیاد لە دوو ملیۆن کەسە، سەرباری هەموو هەوڵەکانیش، ئیسرائیل رژدە لەسەر ئەوەی جەنگ بەردەوام بێت کە دەبێتە هۆی کوژرانی ژن و منداڵ.

ئەو شرۆڤە کارە سیاسیە پێی وابوو، ئیسرائیل سیاسەتی زەوی سووتاو لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە پەیڕەو دەکات و دەیەوێت غەززە بەبێ مرۆڤ بهێڵێتەوە، دەیانەوێت زۆرترین ژمارەی خێزانی غەززە ئاوارە بکەن، پەیامیان بە خەڵکی غەززە داوە لەهەر کاتێک مووشەک بەسەریاندا دەبارێت، ئەوانیان ناچار کردەوە لە کەرتی غەززە بچنە دەرەوە، دەیانەوێت غەززە کەسی تێدا نەمێنێت.

لەبارەی هەڵویستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش، عەلی ساحب گوتی، پەرلەمان و لوتکە عەرەبییەکان و سەرکردە و پاشاکانیان چوونەتە حاڵەتی خەوتن، ئەوان بێ توانان لەوەی فشار لەسەر ئیسرائیل دروستبکەن بۆ وەستاندنی جەنگ، خەڵکی غەززە پێویستیان بە هەڵوێستێکی جدیە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامییەوە.

ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل  لە 24ـی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد، دووجار ئاگربەستەکە درێژکرایەوە و ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەگەر حەماس رۆژانە 10 بارمتە ئازاد بکات، ئەوە ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام دوای حەفت رۆژ لە ئازادکردنی ژن و منداڵ و بارمتە بیانییەکان، نێوەندگیرەکان نەیانتوانی رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، بەتایبەت سەربازان و هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل.

جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس له‌ حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو هه‌ڵگیرسا، بووه‌ هۆی كوژرانی 1400 ئیسرائیلی و نزیک لە  شانزە هەزار فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ژن و منداڵن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئیسرائیل به‌ڵێنی داوه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناو ببات.

کارزان حەیدەر