پاریس سانجێرمان 2 رێگای بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ لەپێشە

كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی
كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی

کلیان ئێمباپێ تەنها حەوت مانگ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ماوە، هەروەها کەمتر لە مانگێکی دیکە، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی، گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات، بەڵام یانە شازادەکە دوو چانسی لەبەردەمە، بۆ هێشتنەوەی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەی.
پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە سەرەتای سێ مانگی ساڵی 2024، چارەنوسی کلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەکەی یەکلایی بکاتەوە، ناسر خلێفی سەرۆکی قەتەری یانەکەش گەشبینە بە رازیبوونی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
هێرشبەرەکەی یانە شازادەکان، مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، واتە نزیکەی حەوت مانگی دیکەم گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە هەروەها کەمتر لە مانگێکی دیکە سەربەست دەبێت، لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندیان پێوە بکات، بەڵام یانەکە هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی دەدات.
رۆژنامەی لكیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، ناسر خلێفی سەرۆکی یانە فەرەنسیەکە، دوو چانسی گەورەی هەیە بۆ هێشتنەوەی کلیان ئێمباپێ، یەکەمیان ئەوەیە ئەو یاریزانە هەموو ئامانجیەتی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی خولی وڵاتەکەی، بۆیە بە مانەوەی لە یانەکەی، ئەو چانسەی زیاتر دەبێت.
ئێمباپێ خاوەنی 179 گۆڵە لە خولی فەرەنسا، جیاوازی ئەو لەگەڵ باشترین گۆڵکاری خولەکە، زیاتر لە 100 گۆڵە، واتە ئێمباپێ تەنها بە مانەوە لە خولی فەرەنسا، رەنگە بتوانێت ئەو ریکۆردە بە ناوی خۆیەوە بکات، بە پێچەوانەوە ئەستەمە بتوانێت ئەو خەونەی بکاتە راستی.
چانسی دووەمی پاریس سانجێرمان، بۆ رازیکردنی کلیان ئێمباپێ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەشداری کردنی ئەو یاریزانەیە لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی 2024ـی پاریس، ئەو یاریزانە بە جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی، ئەستەمە بتوانێت بەشداری ئەو پاڵەوانتیە بکات، بە پێچەوانەوە بە مانەوە لە یانەکەی، چانسێکی زۆری هەیە بۆ بەشداری کردن لە ئۆڵمپیادی داهاتوو.
کلیان ئێمباپێ ساڵانێکە بووەتە ئامانجی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، لەم ساڵانەی دواییەش، بەردەوام یانە ئیسپانیەکە هەوڵی گواستنەوەی داوە، بەڵام هەموو کات شکستیان هێناوە، ئەمجارەشیان چاوەڕێ دەکرێت، مێرنگی بۆ کۆتا جار هەوڵ بۆ گواستنەوەی بدات.