وه‌زیری ناوخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و ژمارەیەک رێکخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مەدەنی کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی مەدەنی کۆبووەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەره‌نگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە گەڵ ئەنجومەنی خانمان و بەڕێوەبەراتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی کۆبووەوە.

لە راگەیه‌ندراوێکیشدا ئەنجوومەنی باڵای خانمان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە ئافرەتان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لەدوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە خانزاد ئەحمەد ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان رایگەیاند، باسکردنی ئامارەکانی تووندوتیژی بە واتای زیادبوونی نایەت، بەڵكوو هۆکارەکەی ئەوەیە ئێستا خەڵک هۆشیاربوونەتەوە و ئامادەن دەنگ‌هەڵبڕن.