عه‌لی سه‌عید: رۆژانه‌ی هه‌ر ئاواره و په‌نابه‌رێك 2.6 دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری داتا و زانیاریی له ناوه‌ندیی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات، نزیكه‌ی ملیۆنێك ئاواره و په‌نابه‌ر له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراون، ده‌شڵێت خه‌رجی رۆژانه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان 2.6 دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 5ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) عه‌لی سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری داتا و زانیاریی له ناوه‌ندیی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، نۆ سه‌د و 13 هه‌زار و 311 كه‌س وه‌كو ئاواره و په‌نابه‌ر له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراون، كه شه‌ش سه‌د و 24 هه‌زار و 161 كه‌س وه‌ك ئاواره‌ی عێراقی تۆمار كراون و 253 هه‌زار و 365 كه‌سیشیان په‌نابه‌ری سوورین و حه‌وت هه‌زار و 800 كه‌سیش په‌نابه‌ری توركین، هه‌شت هه‌زار و 343 كه‌سی دیكه‌ش په‌نابه‌ری ئێرانین و 640 كه‌سی دیكه‌یش په‌نابه‌ری فه‌ڵه‌ستینین و نزیكه‌ی هه‌زار و 10 كه‌سی دیكه‌یش هی وڵاتان و ناوچه‌كانی دیكه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری داتا و زانیاریی له ناوه‌ندیی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ر یه‌ك له‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه له سه‌رجه‌م شار و ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین و به‌گشتیش 36 كه‌مپیان بۆ دابین كراوه، كه 10 بۆ په‌نابه‌رانه و 26 كه‌مپی دیكه‌یش بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراق.
عه‌لی سه‌عید له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌ش كرد، به‌پێی پێوه‌رێكی تایبه‌ت هه‌ر تاكێكی ئاواره و په‌نابه‌ر رۆژانه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان 2.6 دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، ئه‌مه جگه له كۆمه‌ڵێك پارسێڵی دیكه‌ی وه‌كو خۆراك و پاككردنه‌وه و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له حاڵه‌تی پێویستدا ده‌بێت بۆیان دابین بكرێت.
دوێنێ 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، ژان نیكۆلاس بێوز، نوێنەری ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (UNHCR) به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئێستا له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 250 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری ده‌ژین، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكی توركیا و ئێرانیشیان تێدایه و هه‌موویان له هه‌رێمی كوردستانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزیكه‌ی 30 هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه‌ش له عێراق هه‌ن و له به‌غدا و نه‌ینه‌وا و پارێزگای ئه‌نبارن، ئه‌وانیش زۆرینه‌یان خه‌ڵكی سووریا‌ن، جیا له‌وه‌ش نزیكه‌ی 10 هه‌زار په‌نابه‌ری فه‌ڵه‌ستینی له عێراق ده‌ژین ئه‌وانیش ماوه‌یه‌كی زۆره هاتوونه‌ته عێراق. عێراق به گشتی و هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌تایبه‌تی زۆر به‌خشنده و سنگفراوان بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نابه‌رانه و تاڕاده‌یه‌كی باش په‌نابه‌ران توانیویانه، له كۆمه‌ڵگه‌دا جێی خۆیان بكه‌نه‌وه و تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگه بن.
ژان نیكۆلاس بێوز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێزدییه‌كان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه زۆر گرنگه جارێكی دیكه له شوێنی خۆیان ده‌ست به ژیان بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه له رووی ئایینیه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی زۆر گرنگه "پێموایه زۆربه‌یان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه رووبدات ده‌بێ رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ بكرێت. ئێستا، بۆچی رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێكی ته‌واو سیاسی و زه‌حمه‌تیشه. ئێمه لێره باسی چه‌ند لایه‌نێكی جیاواز ده‌كه‌ین چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر رێككه‌وتنی شنگال رێككه‌وتن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی كاتێكی زۆر پێچوو."
ژان نیكۆلاس بێوز گوتیشی "پیرۆزبایی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی له رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، هه‌روه‌ها له جه‌ی سی سی و سروه خان، بۆ ئه‌و كاره ناوازانه‌ی كردوویانه، چونكه نه‌ك ته‌نیا په‌نابه‌رانیان له‌خۆگرتووه، به‌ڵكو ئاواره عێراقییه‌كان و ئێزدییه‌كانیشیان له‌خۆگرتووه و ده‌رگای ماڵ و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌كانیان بۆ كردوونه‌ته‌وه و رێگه‌یان خۆشكردووه بۆئه‌وه‌ی زۆربه‌شیان كاریان ده‌ستبكه‌وێت و ده‌ست به ژیانی ئاسایی خۆیان بكه‌نه‌وه."
روونیشیكرده‌وه دیداری نێوده‌وڵه‌تی په‌نابه‌ران له جنێڤ له 15ـی ئه‌م مانگه ده‌رفه‌تێكی زۆر باش ده‌بێت بۆ خستنه‌ڕوو و زه‌قكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانی عێراق و زۆر به‌تایبه‌تیتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان "ده‌مانه‌وێت به جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڵێین ده‌رفه‌ت هه‌یه و ده‌كرێت پێشوازی له ئاواره و په‌نابه‌ران بكه‌یت و به‌شكۆ و كه‌رامه‌ته‌وه بژین و رێگه‌یان بۆ خۆش بكه‌یت ده‌ستیان بگاته خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌تایبه‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی."، "وه‌ك (UNHCR) و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌ی زۆر پێی دڵخۆشین به‌شداری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له‌و بۆنه‌یه. بۆچی؟ چونكه وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، من ده‌رفه‌تم هه‌بووه چه‌ند جارێك له رێگه‌ی میدیاكانی كوردستانه‌وه بیبینم، شتێكی ناوازه‌ی كردووه له هه‌موو جیهان، نه‌ك ته‌نیا رێگه‌یداوه منداڵانی په‌نابه‌رانی سووریا بچنه قوتابخانه حكومییه‌كان له‌گه‌ڵ قوتابیانی دیكه‌ی خۆجێیی، به‌ڵكو بڕیارێكی زۆر ئازایانه و ئه‌رێنیشی داوه به وه‌رگرتنی ئه‌و مامۆستا به‌توانایانه‌ی، مه‌به‌ستم ئه‌و مامۆستا په‌نابه‌رانه‌ی بڕوانامه‌یان هه‌یه و له سووریا وه‌ریانگرتووه و ده‌توانن وانه بڵێنه‌وه."