جەبار مستەفا: حکومەتی هەرێم 18 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی پێنجوێنی لە مین پاککردووەتەوە

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ئاماژە بەوەدەکات، لە پێنجوین 40 کیلۆمەتر چوارگۆشە بەمین چێندراوە. گوتیشی: "تا ساڵی 2028 ئەستەمە بڵێین دەتوانین خاکەکەمان لە مین و پاشماوەی جەنگی پاکبکەینەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشانەی کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی لە رووی بودجە و مووچە دروستی دەکات".

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "پێنجوێن یەکێکە لەو قەزایانەی کە زۆرترین رێژەی خاکەکەی بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسکراوە لە چاو هەموو شارو و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە 58 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی پێنجوێن تواننراوە 18 کیلۆمەتری بە توانای دارایی و مرۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە مین و پاشماوەی جەنگی پاکبکرێتەوە".

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەبارەی رێککەوتنی ئۆتاوە ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 2007 ئەو رێککەوتننامەیە لە ئۆتاوە ئەنجامدرا، ئەوەبوو هەموو ئەو وڵاتانەی گرفتی مینیان هەیە بوونە ئەندام، عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەندامن، لە 2008 ئەو رێککەوتنە چالاکرا و ماوەی 10 ساڵیان دا بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت تا ساڵی 2018 خاکەکەیان خاڵی بێت لە مین و پاشماوەی جەنگی، بەڵام نەتوانراوە ئەو کارە ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەوەی دەبوو %60 دەسەڵاتی نیشتمانی دابینی بکات، و 40% وڵاتانی کۆمەکبەخش دابینی بکەن، بەڵام ئەو هاوکاریانەی کە نێردراون تەنیا بۆ عێراق نێدراوە و بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.

گوتیشی: لە ساڵی 2018، 10 ساڵی دیکە مۆڵەت درا بە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خاکەکەیان پاکبکنەوە لە مین و پاشماوەی جەنگی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی دواتر هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتوانرا وەک پێویست لەو بوارە کاربکرێت.

سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، هاوکات راشیگەیاند، تا ساڵی 2028 ئەستەمە بڵێین دەتوانین خاکەکەمان لە مین و پاشماوەی جەنگی پاکبکەینەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشانەی کە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی لە رووی بودجە و مووچە دروستی دەکات.

پێستریش جەبار مستەفا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، 526 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوەی جەنگی خاوێنکراوەنەتەوە. ئاماژەی بەوەشدابوو، حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک هاوکاری نەکردوون لە خاوێنکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین. هاوکات گوتبووشی: لە کابینەی نۆیەمدا پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە بۆ دەزگاکەمان و، لە ئاستی ئەوەدابووە کە باس بکرێت.