لە پارێزگاکانی عێراق سەنگەر گواستنەوەی کاندیدان پەرەدەسێنێت

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

لە بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق، حاڵەتەکانی سەنگەر گواستنەوەی کاندیدەکان لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی دیکە پەرەی سەندووە، لەمبارەیەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت: بە هیچ شێوەیەک داواکاری ئەو کاندیدانە وەرناگرن بۆ گۆڕنی لیستی حزبەکەیان.

بەشێک لە کاندیدەکان هەر پێش خۆکاندید کردنیان لەگەڵ لایەنێکی دیکە رێککەوتنی پێش وەختەیان کردووەو گفتیان داوە  لەگەڵ نزیک بوونەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەست لەو حزبە بکێشنەوە و بگەڕێنەوە حزبەکەی پێیشوویان، ئەمەش زیانی بە بانگەشەی زۆربەی ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانە گەیاندووە کە تووشی ئەو حاڵەتانە بوون.

ئەحمەد ساعدی سەرۆکی هێزی مەدەنی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کشانەوەی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەیان گوتی: "کشانەوەی سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکەمان لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان، ناتوانێت کاریگەری خراپی هەبێت لە سەرمان، ئێمە بەردەوامین و بانگەشەش بۆ خۆمان دەکەین و بەڵێنمان داوە بە دەنگدەرانمان، بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین".

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵوێستێکی توندیان راگەیاندووە، کە بە هیچ شێوەیەک کاندیدەکان بۆیان نیە لە حزبێکەوە بچنە نێو حزبێکی تر و بانگەشە بۆ خۆیان بکەن، چونکە ناو 5900 کاندید لە فۆڕمی دەنگدان چاپکراوە و هەر کاندیدێک لەگەڵ هاوپەیمانێتی یان حزبەکەی خۆی ناوی هاتووە و ناتوانرێت دەستکاری بکرێت .

لەوبارەوە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "کاندیدەکان پەسەندکراون، فۆڕمی دەنگدانیش چاپکراوە، بۆیە هیچ کاندیدێک بۆی نیە بچێتە لیستێکی ترەوە، ئەگەر دەکشێتەوە ئاساییە با بانگەشە بۆ خۆی نەکات و دەنگیشی پێدرا دەنگەکەی دەچێت بۆ لیستەکەی خۆی".