گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر عەین ئەسەد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەرەی مقاومەى عێراق بە درۆن هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.

بەرەی مقاومەى عێراق، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6/12/2023، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە دەستپێكردنەوەی ھێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە.

سەربازگەی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون.

هێرشەکەی ئەمڕۆی گرووپەکانی بەناو مقاوەمە یەکەم هێرشە لە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی حەوت رۆژەی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل.

پێشتر فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاشکرای رایگەیاندبوو، بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە، 15 مووشەکی 122 ملیمەتری لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانیان لە ناوچەی رومێلانی سووریا کراون، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددەی لێنەکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رێگەی درۆنەوە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانیان دیاریکردووە و بۆ بەرپرسانی عێراقییان ناردووە تا لێکۆڵینەوەی لێ بکەن.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، جەخیان لەوەکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە دژی هێرشەکان.