دەیڤد کامیرۆن لەسەر دۆسیەی ئۆکرانیا و غەززە سەردانی واشنتن دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانەکەی بۆ واشنتن دەستپێدەکات، کە لەدوای دەستبەکاربوونی لەپۆستە نوێیەکەی یەکەم سەردانیەتی بۆ ئەمەریکا و لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-12-2023، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەردانی واشنتن دەکات، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزریری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن لەسەر دۆسیەی ئۆکرانیا و غەززە کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، کامیرۆن لە واشنتن باس لە "پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە غەززە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها چۆن لەندەن و واشنتن دەتوانن بەیەکەوە کاربکەن بۆ دابینکردنی چارەسەرێکی درێژخایەن لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت کە رێگە بدات هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستین بە ئاشتی پێکەوە بژین".

سەردانەکەی وەزیری بەریتانیا لە کاتێکدایە کە لەندەن خۆی ئامادە دەکات بۆ "سەپاندنی زنجیرەیەک سزا بەسەر ئەوانەی کەل و پەلی سەربازی بۆ رووسیا دابین دەکەن و پشتگیری جەنگی پوتن دەکەن".

لەمبارەیەوە کامیرۆن لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: ئەگەر رێگە بدەین دەستدرێژییەکانی پوتن سەرکەوتوو بێت، ئەوە ئەو کەسانە بوێریان دەبێت کە هێرش بکەنە سەر دیموکراسی و هەڕەشە لە شێوازی ژیانمان دەکەن، بۆیە ناتوانین رێگەیان پێبدەین سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا یەکگرتووین، و پێکەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا، هەروەها وەڵامی ئەو ئاڵنگارییانە دەدەینەوە کە چین دروستیکردووە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە 13/11/2023، بە فەرمی سوێلا برێڤەرمان وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی، لە پۆستەکەی دوورخستەوەی دوای هەڵوێستە توندەکانی لەبارەی پرسی پەنابەران و خۆپێشاندانەکان بۆ پشتگیری لە فەڵەستین.

لە دوای دورخستنەوەی لە پۆستەکەی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وەک شوێنگرەوەی برێڤەرمان دیارکرد.

هەروەها نوویسنگەکە رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن وەک شوێنگرەوەی کلێڤەرلی دیارکرا. هەروەها ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدا دێن کە بڕیارە لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025 هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەڕێوەبچێت.