دژە تیرۆری کوردستان: سێ بەرپرسی سەربازی یەپەگە لە دێرەزوور کوژران

هێزەکانی هەسەدە
هێزەکانی هەسەدە

K24 - هەولێر

دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، سێ بەرپرسی سەربازی یەپەگە لە پارێزگای دێرەزووری سووریا کوژران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەپەگە، سێ بەرپرسی باڵای سەربازیی یەپەگە لە پارێزگای دێرەزووری سووریا کوژراون".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان،  رووداوەکە "پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2023، لە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە پارێزگای دێرەزوور روویداوە".  

لەلایەن خۆیەوە، هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەرپرسێکی سەربازییان بە ناوی "رۆنی وەلات" کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوورەوە، "لە هێرشێکی تیرۆریستیدا لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور" کوژرا.