سەربازێکی ئیسرائیلی تەقە لە فەڵەستینییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات

K24 - هەولێر

سەربازێکی ئیسرائیلی لە نزیک شاری خەلیل تەقە لە هاووڵاتیەکی فەڵەستینی دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو بابەتە دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی "سی ئێن ئێن" سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، یەکێک لە سەربازەکانی لەناوچەی قەلقسی نزیک شاری خەلیل،   رووبەرووی هاووڵاتییەکی فەڵەستینی بووەتەوە کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە گولە برینداری کردووە، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەستی پێکردووە.

زیا ئەبو عاید برای تاریق ئەبو عابد، تەمەن 34 ساڵ دەگێرێتەوە، کە براکەی لە رێگەدا بووە بەرەو ماڵەوە، لەوکاتەدا سێ سەربازی ئیسرائیلی داوای ناسنامەیان لێکردووە.

زیا دەشڵێت: دوای ئەوەی تاریق بە سەربازەکانی گوتووە، ناسنامەم پێنییە، دەمەقاڵە دروست بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تاریقی برای لەناو کۆمەڵگادا بە "کەم عەقل" ناسراوە، کە "سەربازەکان رەتیانکردەوە گوێی لێبگرن".

تاریق لە قەلقاسەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ پێش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ قاچی بکرێت، تووشی خوێنبەربوونی زۆر بووە.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو روویدا، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ژن و منداڵن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئیسرائیل به‌ڵێنی داوه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناو ببات.