دروستکردنی رێگای کارگەی ریسایکلین لە سۆران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

دیمەنێکی قەزای سۆران - ئەرشیف
دیمەنێکی قەزای سۆران - ئەرشیف

K24- هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندی لەسەر دروستکردنی کارگەی ریسایکلین دراوە، ئێستا دەستکراوە بە دروستکردنی رێگای کارگەکە.

خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بۆ پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی ریسایکلین شوێنێکمان دیاریکردووە، کە رووبەرەکەی نزیکەی 100 دۆنمە، شوێنەکە دەكەوێتە نزیك پیشەسازی قورس لە نزیك گوندی دێلزیان، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی لەسەر دراوە، ئێستا پڕۆژەی دروستکردنی رێگاکەی کەوتووەتە بواری جێبەجیکردن، کە بە ماوەی 200 رۆژ جێبەجێ دەکرێت".

گوتیشی: "گوژمەی پڕۆژەی رێگاکەش 530 ملیۆن دینارە، لەلایەن كۆمپانیای قەلەندەر لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئه‌نجام ده‌درێت".

خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران ئەوەشی خستەڕوو، به‌ دروستكردنی كارگه‌ی ریسایكلین كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی ئیدارەی سۆران ده‌ره‌خسێت.

ئا: لاڤین عومەر