سه‌ركرده‌یه‌كی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: شەممەی داهاتوو جێگرەوەی حەلبووسی هەڵدەبژێردرێت

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سه‌ركرده‌یه‌كی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ كۆده‌بێته‌وه‌. ئه‌ندامێكی حزبی ته‌قه‌دوومیش ده‌ڵێت، ره‌نگه‌ پۆسته‌كه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ پارتی ته‌قه‌دووم نه‌بێت.

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌یدا كاتێكیان بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان دیاریكردووه‌ و سێ كاندیدیش بۆ جێگره‌وه‌ی حه‌لبووسی دیاریکراون. هاوپه‌یمانی عه‌زمیش ده‌ڵێت، "پێكهاته‌ی سووننه‌ كێشه‌ی سه‌ركرده‌ی كاتییان هه‌یه‌".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڕیاریداوه‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ بکرێت. سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتییەکەش رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، شه‌علان كه‌ریم و سالم عیساوی كاندیدی هێزه‌ سووننییه‌كان دەبن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. هه‌رچه‌نده‌ تاوەكو ئێستا له‌نێو هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر پشتیوانی بۆ كاندیدێكی دیاریكراوی سووننه‌كان نه‌كراوه‌.

عه‌لی فه‌تلاوی، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌گفتوگۆدان بۆ لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌وڵ هه‌یه‌ ئه‌م پرسه‌ پێش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یه‌كلایی ببێته‌وه‌. دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پشتیوانی له‌ هیچ كه‌سایه‌تیه‌كی دیاریكراو ناكات، به‌ڵام هه‌وڵی لێكنزیككردنه‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌پێناو ده‌ستنیشانكردنی یه‌ك كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌دات.

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی عه‌زم، عومه‌ر ده‌راجی ئاشكرایكردووه‌، پێكهاته‌ی سووننه‌ به‌ده‌ست سه‌ركرده‌ی كاتییه‌وه‌ ده‌نالێنێت، سیاسییه‌ سووننیه‌كان له‌ دۆلێك و لایه‌نگرانیان له‌ دۆلێكی دیكه‌ن.

هه‌رچی فراكسیۆنی ته‌قه‌دومی سووننه‌یه‌ بۆچوونێكی دیكه‌ی هه‌یه‌ و پێشبینی ده‌كات پرسی دیاریكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

نیهال شه‌ممه‌ری، له‌ فراكسیۆنی ته‌قه‌دووم بۆچوونی وایه‌، پێده‌چێت رێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌ سووننه‌كاندا هه‌بێت تاكو ئه‌م پرسه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌. شه‌ممه‌ری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، ره‌نگه‌ پۆسته‌كه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ پارتی ته‌قه‌دووم نه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كان راوه‌ستاوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشه‌وه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ بڕیاروایه‌ ئه‌م پرسه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌ سائیر جبووری، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ڵێت، ره‌زامه‌ندی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گرنگه‌ بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆسته‌كه‌ به‌تایبه‌تی پێویستی به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌یه‌، بۆیه‌ چوارچێوه‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌سێكی كارابێت و توانای په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی هه‌بێت كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كاندایه‌ به‌گشت پێكهاته‌كانه‌وه‌.