ئەمساڵ 61 ملیۆن کەس لەجیهاندا مردوون و عێراقیش لە ریزبەندی 55مین دێت

K24 - هەولێر

لەساڵی 2023دا نزیکەی 61 ملیۆن حاڵەتی مردن لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە، کە زۆرترین ژمارەی مردنە، کە رێژەی مردن لەپیاوان زیاتر لە 32.6 ملیۆنە، هەروەها لەنێوان ئافرەتانیشدا 28 ملیۆن حاڵەتی مردن تۆمارکراوە، واتە لە 53%ـی پیاوانن.

بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی"داتا بێس ئێرس" چین لە ریزبەندی یەکەم دێت بەزۆرترین حاڵەتی مردن کە زیاتر لە 10.7 ملیۆن کەسە، لەدوای ئەو هیندستان دێت کە حاڵەتی مردن گەیشتووەتە 9.3 ملیۆن کەس، هەروەها ئەمەریکا لەریزبەندی سێیەم دێت بە نزیکەی سێ ملیۆن حاڵەتی مردن.

هەروەها وڵاتی ڤاتیکان کەمترین رێژەی مردنی تۆمارکردووە، کە لەماوەی یەک ساڵدا تەنها 10 کەس مردوون، وە وڵاتانی توکیلا 14 حاڵەتی مردن و وڵاتی نییوی 27 حاڵەتی مردنیان تۆمارکردووە.

سەبارەت بە عێراق لە کۆی 237 وڵات لە ریزبەندی 55 ـی جیهانی دێت لە تۆمارکردنی رێژەی مردن، کە تەنها لەساڵی 2023دا 193 هەزار حاڵەتی مردن هەبووە.