ژاپۆن.. شۆفێرێكی تاكسی به گومانی شێلانی كۆتره‌كێوییه‌ك ده‌ستگیر ده‌كرێت
K24 - هەولێر:
پۆلیسی تۆكیۆ شۆفێرێكی تاكسی ده‌ستگیر كرد كه گومان ده‌كرێت پۆلێك كۆتره‌كێوی له‌سه‌ر زه‌وی شێلابێت و به‌هۆیه‌وه یه‌كێكیان گیانی له‌ده‌ستدا بێت.
له‌و باره‌یه‌وه گوته‌بێژی پۆلیسی تۆكیۆی پایته‌ختی ژاپۆن رایگه‌یاندووه، ئه‌تسۆشی ئۆزاوای ته‌مه‌ن 50 ساڵ كه شۆفێری تاكسییه، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆ كوشتنی كۆتر به‌كارهێناوه و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو به‌هۆی سه‌رپێچیكردنی یاساكانی پاراستنی ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییه‌كان ده‌ستگیر كراوه.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی پۆلیسی تۆكیۆ ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئۆزاوا له كوشتنی كۆتره‌كه تێوه‌گلاوه و گومان ده‌كرێت به ئه‌نقسه‌ت ئه‌و كاره‌ی كردبێت، چونكه كۆتر له بنه‌ڕه‌تدا خۆی له ئۆتۆمبێل به‌دوور ده‌گرێت.
یاسای ژاپۆنی راوكردنی كۆتری كێوی له شاره‌كان قه‌ده‌غه كردووه، به‌ڵكو ته‌نیا له حاڵه‌تیك رێگه‌پیدراوه كه ببێته هۆی نیگه‌ران كردن و زیانگه‌یاندن به به‌روبوم و دانه‌وێڵه و ئاژه‌ڵان، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه مۆڵه‌ت بدرێت.
ده‌گوترێت ئۆزاوا له كاتی هه‌ڵبوونی گڵۆپی سه‌وزی ترافیك خێراییه‌كه‌ی زیاد كردووه، به‌مه‌ش خۆی كێشاوه به كۆتره‌كێوییه‌كان و یه‌كێكیانی لێ كوشتوون.
هاوكات پزیشكی ڤێته‌رنه‌ری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، پشكنینی بۆ كۆتره‌كه كردووه و ده‌ركه‌وتووه كه به ئۆتۆمبێله‌كه كه‌وتووه. هه‌روه‌ها پۆلیس ره‌فتاری شۆفێره‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی پیسی ناو بردووه.