سەعدی پیرە: بایکۆتی مامۆستایان سزادانی قوتابییانە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت، ئەگەر هاتوو قوتابی خوێندنەکەی بفەوتێت ئەوا قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام ئەگەر مووچەی مامۆستایان مانگێک یاخوود دوو مانگیش دوابکەوێت هەر دێت و نافەوتێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو مامۆستایانەی کە مانیان گرتووە بوونەتە هۆکاری ئەوەی سوپایەک لە قوتابییان لە خوێندن داببڕێن، ئێمە دەزانین ئەو نیگەرانیانەی مامۆستایان رەوایە، بەڵام تەعبیرکردن لە نیگەرانییەکە دروست نییە.
گوتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر هاتوو قوتابی خوێندنەکەی بفەوتێت ئەوا قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام ئەگەر مووچە مانگێک یاخوود دوو مانگێکیش دوابکەوێت هەر دێت و نافەوتێت، هەروەها بایکۆتی مامۆستایان سزادانی قوتابییانە.
سەعدی پیرە: لە عێراق کێشەی جێبەجێنەکردنی دەستوور و یاسای بودجە هەیە
گوتەبێژی یەکێتی ئاشکرایکرد، لە عێراق هێشتا چەندین شانەی داعش لە ناوچەکە ماون و ململانێی شیعە و سوونەکانیش بەردەوامە.
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، رایگەیاند؛ لە عێراق کێشەی جێبەجێنەکردنی دەستوور و یاسای بوودجە هەیە.
گوتیشی: لە عێراق کێشەی نێوان سوونە و شیعە هەیە، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق.
سەعدی پیرە، لەبارەی ئێرانیش گوتی: "ئێران هەوڵدەدات لە هەموو وڵاتەکانی دوروبەر پشێوییەک دروستبکات و تەنیا خۆی بە سەلامەتی دەربازی بێت".