دوو گه‌شتیاری فه‌ره‌نسی له‌ رێگه‌ی فیلمێكی دۆكیۆمێنتارییه‌وه‌ په‌یامی دانایی و میانڕه‌وی ئاو به‌ جیهان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

ئاڵای فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر رووبارێك
ئاڵای فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر رووبارێك

K24 - هەولێر:

دوو گه‌نجی فه‌ره‌نسی له‌ ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵدا گه‌شته‌كه‌یان له‌ پاریسه‌وه‌ بۆ هیند ده‌ستپێكرد، له‌وێشه‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ دوبه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی دانایی و میانڕه‌وی ئاو به‌ جیهان بگه‌یه‌نن.

ڤیكتۆریا گیلۆمۆنی ته‌مه‌ن 25 ساڵ و یۆهان ریبۆڵی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌ 29ـی ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵدا به‌ مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری سه‌باره‌ت به‌ ئاو، جگه‌ له‌ فڕۆكه‌ به‌ پایسكیل، ئۆتۆمبێل، كه‌شتی، به‌له‌م و شه‌مه‌نده‌فه‌ر ئه‌وروپایان به‌ره‌و توركیا پاشان به‌ره‌و میسر و دواتر به‌ره‌و هیند به‌جێهێشتووه‌.

هه‌ردوو گه‌شتیاره‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ به‌ ئه‌نقه‌سه‌ت و بۆ چێژ بینین له‌ گه‌شته‌كه‌یاندا رێگه‌ و ئامرازی جۆراوجۆریان به‌كارهێناوه‌. باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن دوای ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری فیلمه‌ دۆكیۆمێنتارییه‌كه‌یان له‌ هیند تۆمار كردووه‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ به‌های سامانی ئاو و هۆكاری سه‌ره‌كی ژیانی مرۆڤ، خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ سعوودیه‌، دوای گه‌یشتنیان به‌ سعوودیه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌وادارانیان له‌ رێگه‌ی ئه‌نستگرامه‌وه‌ پێشنیازیان بۆ كردوون سه‌ردانی ئیمارات بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌شداری له‌ چالاكییه‌كانی لوتكه‌ی جیهانی كه‌شوهه‌وا (كۆپ28) بكه‌ن!

ڤیكتۆریا باس له‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ر پێشنیازی فۆلۆوه‌ره‌كانیان بڕیاریان دا بچنه‌ دوبه‌ی، دوای گه‌یشتنیان ڤیزه‌كانیان نیشان داوه‌ و به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی لوتكه‌كه‌ رێگه‌یان پێ داون به‌شداری له‌ به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانی لوتكه‌كه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌ دۆكیۆمێنتارییه‌كه‌ی ئه‌وان په‌یوه‌ندی به‌ بواری كه‌شوهه‌واو به‌های ئاوه‌وه‌ هه‌بووه‌.

ئه‌و دوو گه‌شتیاره‌ فه‌ره‌نسییه‌ سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ راده‌كێشن، كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌یان خۆبه‌خشانه‌ و كه‌سی بووه‌، كه‌ له‌و گه‌شته‌یاندا ته‌واو ئاوێته‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی پاك و له‌سه‌ره‌خۆ بوونه‌. ده‌شڵێن، ئامانجیان بووه‌ په‌یامی دانایی و میانڕه‌وی ئاو بگه‌یه‌نن و به‌ جیهان بڵێن، مامه‌ڵه‌یه‌كی دانایانه‌ و میانڕه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ ئاو بكه‌ن، ئاو دانایه‌ و زێده‌ڕۆكار نییه‌، ناشبێت به‌ دانایی به‌كار نه‌هێندرێت و زێده‌ڕۆیی له‌ به‌كارهێنانیدا بكرێت، چونكه‌ به‌و دوو مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئاو، زه‌وی وشك ده‌بێت و ژیانی مرۆڤ و بوونه‌وه‌ران رووبه‌ڕووی هه‌ره‌سێكی مسۆگه‌ر ده‌بێته‌وه‌.