لیزا کاکەیی: مانەوەی راکان جبووری رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامی تەعریب

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی
لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، رایدەگەیەنێت؛ لە کەرکووک پارێزگارێکمان دەوێت جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکان نەکات. ئاماژەی بەوەدا، بەرەی تورکمانی و عەرەبی کەرکووک ترسیان لە دەنگی کورد هەیە بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن. ناوبراو گوتیشی: کادیرانی لاینەکان بە ویستی خۆیان دێنە ناو پارتی.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، "دوای گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک خەڵکی ئەم شارە بە جۆش و خڕۆشەوە پێشوازیان لێکردین، ئێستا خەریکی ئەوەین بارەگای مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک گەرمیانی پارتییش بگەڕێنینەوە، هەروەکو چۆن بارەگی لقی سێمان گەڕاندەوە، هەوڵیش دەدەین پێش هەڵبژاردنیش نووسینگەیەکمان لەوێ هەبێت، ئەوەش وەڵامێکە بۆ تەواوی ئەو دەنگۆیانە کە دەیانگوت پارتی تەنیا بۆ هەڵبژاردن دێتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام پارتی بۆ هەمیشە گەڕاوتەوە بۆ کەرکووک و دەستبەرداری نابێت".

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، لەم هەڵبژاردنە ئامانجمانە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین بۆ لیستەکەمان لیستی 197، بۆ ئەوەی زۆترین کاندید بنێرین بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دواتر بتوانین دوای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو لاینەکان کۆببینەوە و پارێزگارێک بۆ کەرکووک دیاریبکەین، کە بەبێ جیاوازی بڕوانێتە تەواوی پێکهاتەکان و خزمەتی هەموو ناوچەکان بکات لە شێراوە تا حەمرین.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی هەروەها راشیگەیاند، کێشە نییە پارێزگاری نوێ لە چ پێکهاتەیەک بێت گرنگ نیشتمانپەروەر بێت و خزمەتی خەڵکی شاری کەرکووک بکات، ئەگەر پارێزگارێکی کورد بێت بۆ ئێمە باشتریشە، بەڵام دەبێت پارێزگارێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بێت.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، دەڵێت: تاکە رێگا بۆ گۆڕینی ئەو ئیدارەی کەرکووک ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، هەرچەندە هەندێک لایەن لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن دوابخرێت بەڵام ئێمە وەک پارتی سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجامبدرێت، کە ئەمەش دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، باسی لەوەکرد، هەوڵێکی جیددی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، هۆکاری سەرەکیش ئەو لایەنانە لە دەنگی کورد دەترسن، بە تایبەت بەشێک لە پێکهاتە شۆڤینییەکان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت و بەردەوامی بدەن بە پرۆسەی تەعریب، مانەوەی پارێزگاری کەرکووک لە پۆستەکەی رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی تەعریب.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، گوتی: بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستای کەرکووک لە بەرژەوەندی کورد نییە، هەروەها زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە دۆزی کورد و بە دۆزی پێکهاتە رەسەنەکانیش لەو شارە.

گوتیشی: خەڵکی کەرکووک ئاشنای سیاسەتی ئێستای پارتین، خەڵکێکی زۆر داوا دەکەن بێنە ناو رێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها کادیرانی لایەنەکانیش بە ویستی خۆیان دێنە ناو ریزەکانی پارتی، پارتی و کەرکووک دوو بابەتی لێکدانەبڕوان، پرسی کەرکووک لەلای پارتی تەنیا دروشم نەبووە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی بووە و ئەمەشی بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کەرکووک کە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر ئاوارەی شارەکانی دیکەی کوردستان بوون دەزانن هۆکاری ئاوارەبوونیان کێیە و چیە، بۆیە ئەم زوڵمەی کە ئەو هەموو ساڵەی دەرهەق بەوان کرا لەبیری ناکەن و دەنگ دەدەن بەو لیستەی کە هەمیشە لەگەڵیان بووە.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووك - گەرمیانی پارتی، جەختی لەوەکردەوە، پارتی هیچ کاتێک هەوڵی نەداوە لە رێگەی پێدانی پارەوە خەڵک رباکێشێت بۆ ناو حزبەکەی، چونکە سەرۆک بارزانی ئێمەی ئامۆژگاری کردووە کە بە هیچ شێوەیەک پارە نەکەینە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.

لەبارەی رۆشتنی دوو کاندیدیان بۆ ناو ریزەکانی حزبێکی دیکە، لیزا فەلەکەددین کاکەیی، گوتی: رۆشتنی ئەوان ئەوە ناگەیەنێت کە ورە و ئیرادەی لایەنگرانی پارتی بەو بابەتە لاوەکییانە تۆزقاڵێک کاڵ ببێتەوە، بەڵکو ئەمە وادەکات خەڵکی ئێمە زیاتر هانبدرێن کە ببینن نەیاران چۆن کار لەسەر پارتی دەکەن، رۆشتنی کاندیدی دەنگدانەوەی هەبوو کە ئەمەش مانای گەورەیی پارتی دەگەیەنێت، هاوکات ئەو پرسە هیچ کاریگەری لەسەر ئێمە و دەنگدەرانمان نییە و بەڵکو زیاتر گڕوتینمان پێدەدات بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە خزمەتکردن.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.