شاخەوان عەبدوڵڵا: ئامانجمانە کورد زۆرینەی دەنگی کەرکووك بەدەستبهێنێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ھەڵمەتی بانگەشەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەدەبات و شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: "ئامانجمانە جارێكی دیكە كورد زۆرینەی دەنگی كەركووك بەدەستبهێنێت و لە نێویشیاندا پارتی سەركەوتن بەدەستبهێنێت چونكە پێشتر تاقیكراوەتەوە و ھیچ كات سازش لەسەر دەنگ و مافی ھاووڵاتییانی كەركووك ناكات".

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە یەکلاییکەرەوەیە بە نسبەت نەمانی داگیرکاری، خۆسەپاندن و جیاکاری، هەموو ئەمانە بەوە دەکرێت کە کورد بتوانێت سەنگی خۆی بگەڕێنێتەوە لەو شارە و بتوانێت نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی پارێزگاری ئەم شارە مسۆگەر بکات.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئەو هێزە بووە کە خەڵکی کەرکووك پشتیان پێی بەستووە و بڕوایان پێی هەبووە، پارتی هەمیشە خاوەنی بەڵێنی خۆی بووە، هیچ کاتێک پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا یان لە شارەکانی دیکە بەڵێنێکی نەداوە کە نەیتوانیبێت جێبەجێی بکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: کاندیدانی ئێمە لە پارێزگای کەرکووک ئەو کەسانەن کە جێگای متمانەی خەڵکی کەرکووکن، هەروەها پێویستە هەرچی گلەیی هەیە لە ئێستادا بەلاوەبنرێت و زۆر گرنگە کورد هەموو بچن دەنگ بدەن.

سەرنجی خستەسەر ئەوەش، پارتی پێشتر تاقیكراوەتەوە و ھیچ كات سازش لەسەر دەنگ و مافی ھاووڵاتییانی كەركووك ناكات.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.