شوان كه‌لاری: به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتداران و په‌رله‌مانتارانی عێراق كورد به پله‌دوو ده‌زانن
K24 - هەولێر:
په‌رله‌مانتارێكی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌شێك له په‌رله‌مانتاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كورد به پله‌دوو ده‌زانن و مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ن، سته‌مێكی گه‌وره‌ی ناده‌ستوورییه.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 6ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) شوان كه‌لاری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بوودجه و جیاكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی راسته‌قینه ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رۆژی 9ـی كانوونی دووه‌می 2024، ده‌گه‌ڕێنه‌وه په‌رله‌مان و یه‌كه‌مین كاری حكومه‌تی عێراق ده‌بێت ناردنی هه‌مواركراوی یاسای بودجه بێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
شوان كه‌لاری سه‌رنجی بۆ ئه‌و راكێشا به‌شێك له په‌رله‌مانتاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كورد به پله‌دوو ده‌زانن! هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتن و دنیابینیانه‌یانه‌وه به‌رده‌وام له بۆسه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه بۆ كورد بدۆزنه‌وه. ته‌نانه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا بڕوایان به فیدڕاڵی نییه و بڕوایان به ناوه‌ندێكی به‌هێز هه‌یه.
دووپاتیشی كرده‌وه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، سته‌مێكی گه‌وره‌ی ناده‌ستوورییه و فه‌رمانبه‌رانی كوردستانیان به‌ئامانج گرتووه.
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی كراوه و دۆسیه‌ی نه‌وت دراوه‌ته‌وه حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی به‌رامبه‌ر به به‌غدا جێبه‌جێ كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا نیه‌تی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وا چاره‌سه‌رییه‌كه ئاسانه، ئه‌گه‌ریش نا جارێكی دیكه بابه‌ته‌كه بێئه‌نجام ده‌بێت.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 23ـی تشرینی دووه‌می 2023) شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له بوودجه‌ی عێراقدا، هه‌موو هه‌وڵێكیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی راسته‌قینه جیابكه‌نه‌وه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا روونیشیكرده‌وه بابه‌تی مووچه دوو نووسراویان كردووه، یه‌كێكیان به 100 واژۆی په‌رله‌مانتاران بووه و ئه‌مینداریه‌تی گشتی په‌رله‌مانیش ره‌وانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی كردووه، سه‌رۆكوه‌زیرانیش ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی كردووه.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی دوو نووسراوی ئاراسته‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه و ئێستا لێكتێگه‌یشتنێكی گه‌وره بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه ته‌واوی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی بوودجه له به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 14ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كه‌ناڵی (الشرقیة)ـی عێراقی رایگه‌یاند، هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده و بڕگه‌كانی یاسای بوودجه‌ی فیدڕاڵی ئه‌گه‌رێكه بۆ تێپه‌ڕاندنی پرسه داراییه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، له میانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ستی به‌وه كردووه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ئاره‌زووی چاره‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه ده‌كات كه له‌باره‌ی بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دروست بووه.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه پێکهاتبوو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته به‌غدا.
دوای گه‌یشتنی شانده‌كه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".