لیزا کاکەیی دیارییەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە ماڵی کەسایەتییەکی کاکەیی

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند؛ "دیارییەكی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانیمان گەیاندووەتە ماڵی یەكێك لە كەسایەتییە ناسراوەكانی كاكەیی لە كەركووك كە ماڵێكە وەك چەترێك وایە بۆ خەڵكی كەركووك".

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە کەرکووک لە ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەی کاکەین "سەید رەحیم"، دیارییەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیمان گەیاندە ماڵەکەیان".

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ خوشک و برا کاکەییەکانمان کۆبووینەتەوە، ئەم دیدار و ئەم ماڵە بوو بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ئێمە لێرە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێکەوە بتوانین کاری باش بکەین لە کەرکووک و خزمەتی کەرکووکییەکان بکەین".