چاودێرێکی سیاسی: سەردانەکەی پوتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی رووسیا رایگەیاند، سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە لە ئێستادا پێویست و گرنگە.

ڤەدیم مەکەرێنکەر، چاودێری سیاسی، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24دا گوتی: "بڕوام وایە سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، سەردانێکی زۆر گرنگ بێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها ساتێکی گرنگیش دەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەی پوتن لەم دۆخەی ئێستا زۆر گرنگە ئەمەش بەهۆی گرنگی پێگەی رووسیایە کە لە ناوچەکەدا هەیەتی".

گوتیشی: "رەنگە ئەمە زۆر ئاسان نەبێت، بەهۆی ئەو کێشانەی کە دەبێت چارەسەر بکرێن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام بەبێ پەیوەندیی سەرەکی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ، رووسیا، سعوودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیکە وەک ئێران ئەستەمە کە بتوانین ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بۆیە زۆر گرنگە پەیوەندی رۆژانە هەبێت لەسەر ئاستی باڵا".

سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا و فەڵستین ودۆخی ناوچەکە، ڤەدیم مەکەرێنکەر دەڵێت: "پرسەکە سەبارەت بەوە نییە کە رووسیا سوود لەو بارودۆخەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەبینێت یاخود نا، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە چۆن دۆخەکە چارەسەر بکرێت، چۆن رێگا چارەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا کە هەیە و تێیدا دەربچین، چونکە ئەمە زۆر کارەساتبارە بۆ خەڵکی فەڵەستین، بۆیە گرنگە رێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەم دۆخە و یەکلایی بکرێتەوە".

ئەو چاودێرە سیاسییەی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمەریکا وڵاتێکی زۆر گرنگە، لەبەر ئەو توانا و پێگەیەی کەلە جیهاندا هەیەتی، بەڵام ئەمڕۆ ئەمەریکا لە زۆربەی کێشەکان رێگری دەکات، وەک لەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، بۆ نموونە لە سووریا ئەوان هەموو شتێکیان وەستاندووە و دۆخەکەیان چەقبەستوو کردووە، نایانەوێ هیچ لایەنێک بگرن و بەرەو هیچ شوێنێکیش بڕۆن، پرسەکە ئەوەیە، لەوێ چی دەگوزەرێ و چی روودەدات؟، ئێستا فەڵەستینیەکان هەوڵدەدەن کێشەکان بەتەنیا چارەسەر بکەن، رەنگە پلانەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ باشتر بووبێت وەک لە ئێستا، بەڵام ئێمە خەڵکی فەڵەستینمان بینیوە نەیان توانییوە بگەن بە دەوڵەتی خۆیان و دەوڵەتییان نییە، بۆیە تاکە چارەسەر دروست بوونی دەوڵەتی فەڵەستینە و ئێستاش تەواو ئەوە روون بۆتەوە.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 6ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، بەسەردانێک گەیشتە ئەبوزەبی و لەلایەن محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازیلێکرا و کۆبوونەوە، ناوبراو سەردانی سعوودییەشی کرد.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، پوتن لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە پێشوازیلێکرا و لەگەڵی کۆبووەوە.

ئامانجی سەردانەکەکانی سەرۆکی رووسیا بۆ وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆکردنە دەربارە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، بازاڕی نەوت و بازرگانی هاوبەشی نێوان رووسیا و وڵاتانی کەنداو.

ئا: لاڤین عومەر