لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمەریکا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

شوێنی رووداوەکە لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمەریکا (وێنە: AFP)
شوێنی رووداوەکە لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمەریکا (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە زانکۆی لاس ڤێگاسی ئەمەریکا، سێ کەس کوژران. بایدنیش داوایەک ئاراستەی کۆمارییەکان دەکات. 

پۆلیسی شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادای ئەمەریکا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 11:45 خولەکی نیوەڕۆ پەیوەندییان پێوەکراوە لە رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک هۆڵی بیمی بینای سکووڵی بازرگانیی زانکۆی لاس ڤێگاس. پۆلیس ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی رووداوەکە، سێ کەس کوژران، کەسێک بە سەختی برینداربووە و خودی تەقەکەرەکەش کوژراوە.

پۆلیس ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەقەیەکی زۆر لە باڵەخانەی یەکێتیی قوتابیانی زانکۆکە کراوە، بۆیە دوای کەمتر لە کاتژمێرێک و بۆ پاراستنی سەلامەتییان، ستافی کارگێڕی زانکۆکە و قوتابییان گواستراونەتەوە شوێنێکی سەلامەت.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە. بایدن، بەهۆی ئەم رووداوە بەردەوامانەی لە وڵاتەکەی روودەدەن؛ جارێکی دیکە داوای لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس کرد لەگەڵ دیموکراتەکان هاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە بڕیارێکی تایبەت بە قەدەخەکردنی چەک.

شوێنی رووداوەکەی زانکۆی نیڤادا لە لاس ڤێگاس، تەنها چەند کیلۆمەترێک لە رووداوەکەی ساڵی 2017ەوە دوورە کاتێک لە هەمان شوێن تەقە لە فێستیڤاڵێکی میوزیک کرا و بەهۆیەوە 58 کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.