ئومێد سەباح: بەرنامەی پارتی بریتییە لە خزمەتکردنی کەرکووک و خەڵک و پێکهاتە رەسەنەکەی

ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هەولێر:

ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژە بەوە دەكات، بەرنامەی پارتی بریتی نییە لە بەدەستهێنانی پۆست، بەڵكوو بۆ خزمەتكردنی شاری كەركووك و خەڵكەكەیەتی.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە شاری كەركووكدا، سەردانیكردن و دووبارە گەڕانەوەی بۆ كەركووك بە رۆژێكی مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، بە گەڕانەوەی خۆشحاڵە بەتایبەت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی رەسەنی شارەكە و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی.

ئومێد سەباح هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، پەیامی ئەوان بۆ پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دوای هەڵبژاردنەكانیش بریتییە لە خزمەتكردن. جەختیشیكردەوە لەگەڵ لیستی 197ـی پارتی لە كەركووك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە بەیەكەوەن و بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی بە ئومێدەوە دەچنە پێشەوە و هەنگاو بۆ سەركەوتنی لیستەكەیان دەنێن.

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی باسی لەوەش كرد، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان راگەیاندووە و بەڵێن بە خەڵكی كەركووك دەدەن ئەو بەرنامەیەی دایانناوە جێبەجێی بكەن.

ئومێد سەباح سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا ئەو وەك كوڕە كەركووكییەك لە خزمەتی خەڵكی شارەكەیدا دەبێت.

سەبارەت بە پەیوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە دووپاتی كردەوە پەیوەندییان لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكان ئاساییە و خواستیانە بەیەكەوە كار بكەن و لە كەركووك خزمەتی شارەكە بكەن. روونیشیكردەوە پەیامی پارتی پەیامی بەدەستهێنانی پۆست نییە، بەڵكوو مەبەستیانە خزمەتی كەركووك بكەن.