ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی سەدا 15ـی بۆ هاوبەشانی ئاو پەسەند کرد

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لێخۆشبوونی نرخی ئاو بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر بە رێژەی 15%.

زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، وەزیری شارەوانی گەشت و گوزار ساسان عەونی، داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، لێخۆشبوون بۆ نرخی ئاوی ماڵان بکات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕیووە بە لێخۆشبوونی 15% نرخی ئاو بۆ هاووڵاتیانی شاری هەولێر.

گوتیشی: "لێخۆشبوونەکە ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە کەڵەکە بووی قەرزی ئاویان لەسەرە یاخود لەبەر قەیرانی دارایی یاخود درەنگ کەوتنی مووچە، نەیانتوانیووە پارەی ئاو بدەن، هەر بۆیە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەو داواکارییەی بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، تاکو بتوانرێت زۆرترین هاووڵاتییان سوودمەند بن لەو بڕیارە".

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە چەند رۆژی داهاتوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەکاری بۆ رێنماییەکان دەکات، دەیداتە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی کە پەیوەندیدارە بەو داشکاندنە، بەپێی ئەو رێنماییەی بۆ ئێمە دێت، ئەو هاووڵاتییانەی کە قەرزی ئاویان لەسەرە دەتوانن بێن سەردانمان بکەن، ئەوکاتە زۆرترین هاووڵاتی دەگرێتەوە رێژەکە دیاری کراو نییە، بەڵام ئەوەی قەرزاری ئاوە دەتوانێت سوودمەندبێت لەم بڕیارە".

راشیگەیاند، هەندێک هاووڵاتی تاکو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە، باس لەوە نەکراوە تەنیا ئەوانەی پێوەریان بەستووە دەیانگرێتەوە، رێژەکەش هەرچەند بێت هاووڵاتیی سودمەند دەبێت.

ئا: لاڤین عومەر