گوهدار شێخۆ: دەرفەتی جیاواز لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیا ئیماراتییەكان هەیە

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر: 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژە بەوە دەكات، هەرێمی كوردستان بەگشتی و زاخۆ بەتایبەتی دەرفەتی وەبەرهێنانی بوارە جیاوازەكانی هەیە بەتایبەت بۆ كۆمپانیا ئیماراتییەكان.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی پاییزەی كۆمەڵەی بازرگانی عێراقی بەریتانی لە دوبەی تایبەت بە كوردستان24ـی راگەیاند، بەشداریكردنیان لەو جۆرە كۆنفرانسانە بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان گرنگە بەتایبەت بۆ ئاشناكردنی بەشداربووان بە هەلی كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوەش كرد، جگە لە كۆمپانیایەكی ئیماراتی كە ئێستا لە زاخۆ كاری وەبەرهێنان دەكات، هاوكات چاویان بە چەند كۆمپانیایەكی دیكەی ئیماراتی كەوتووە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بگوازننەوە و وەبەرهێنان بكەن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا باسی لەوە كرد، لە هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەبارە بۆ وەبەرهێنان هەیە بەتایبەت لە بواری پیشەسازی و كشتوكاڵ و بوارە گشتییەكانی دیكە. روونیشیكردەوە لە بواری پەروەدەش دەرفەت هەیە، كە لە دیدارەكانی ئەمڕۆی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیاكان ئەو دەرفەتانە زیاتر خراونەتەڕوو.

جەختیشیكردەوە لە زاخۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ وەبەرهێنان هەیە بەتایبەت كە زاخۆ پێگەیەكی ستراتیژی هەیە و كەوتووەتە نێوان هەردوو وڵاتی توركیا و سووریا و هاوكات بازرگانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەر بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕ دەبێت.