زیندانییەکی فەڵەستینی دوای ئازادکردنی چیرۆکی ناو زیندانەکانی ئیسرائیل دەگێڕێتەوە

مستەفا شەحادە، زیندانییە ئازادکراوەکەی فەڵەستین
مستەفا شەحادە، زیندانییە ئازادکراوەکەی فەڵەستین

K24 - هەولێر

مستەفا شەحادە، ئەو زیندانییە ئازادکراوەی فەڵەستینی، وردەکارییەکانی ئەو ئازارانە دەگێڕێتەوە کە زیندانیانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا تووشی بوون، بە تایبەت دوای هێرشە بەرفراوانەکەی حەماس کە لە7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا.

ئەو بەندکراوە کە لە کەمپی قەلەندییە لە باشووری رامەڵڵا نیشتەجێیە و لە کاروانی دووەمی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئازاد کراوە، بە "ئیرەم نیوزی" راگەیاند، "لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زۆر شت گۆڕاوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە زیندانی عوفەر زیندانی کرام و هەشت مانگم بەسەر برد، بەڵام لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەریشدا تووشی ستەم و سووکایەتی و بێبەشکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بووین".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە بێبەش بووین لە پێداویستی پاککردنەوە و کەرەستەی کەسی، وەک جل و بەرگ و فڵچەی ددان و خواردن، هەموو شتێکیان لێ وەرگرتینەوە، هەر کەسێک دۆشەکێک و بەتانییەکی سووکیان بۆ بەجێدەهێشت کە زیندانییەکان لە سەرما ناپارێزێت".

شەحادە باسی لەوەشکرد، ئێمە تووشی سوکایەتی و لێدان بووین، بەتەواوەتی زیندانەکانیان لە دەرەوە جیاکردەوە، دوای ئەوەی لە دوو کاتژمێری یەکەمی جەنگدا ژمارەیەکمان سەیری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانمان دەکرد، دواتر رادیۆ و ئامیرەکانی پەیوەندیکردنیان لێسەندینەوە.

مستەفا شەحادە لەگەڵ دایکی
مستەفا شەحادە لەگەڵ دایکی

زیندانیانی فەڵەستینی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، ئەو تەلەفۆنانە بەکاردەهێنن کە بە قاچاخ دەچنە ناو زیندانەکانەوە، شەحادە دەڵێت: بۆ ماوەی پەنجا رۆژ نەمتوانی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بنەماڵەکەم بکەم.

ئەو زیندانە ئازادکراوە جەختیکردەوە، "زیندانییە نەخۆشەکان چارەسەریان بۆ نەکراوە، ئیدارەی زیندانیش رازی بووە بە دابینکردنی یەک حەبی ئازارشکێن بەبێ ئەوەی بیانگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە".

بەگوتەی شەحادە کە دەڵێت: ئێمە هەواڵەکەکان لە زیندانیە نوێیەکانەوە دەزانین، گوتیشی: تەنیا شەوێک پێشتر لە رێگەی دوو زیندانی نوێەوە بابەتی گرێبەستی ئاڵوگۆڕەکەمان زانیووە.

بەنێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا، رۆژی هەینی 24-11-2023، رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ چووە بواری جێبرجێکردنەوە دواتر دوو جاری دیکە دریژکرایەوە، کە مەرجەکان ئازادکردنی بارمتە و دیلەکانی نێوان هەردوولا بوو لەگەڵ رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.